ڕووسیا فڕۆکەی سوخۆی Su-35 بۆ ئێران دروست دەکات

بەڵگەنامە نهێنییەکان کە لەم دواییانەدا بەدەست هاتوون، ئەوە ئاشکرا دەکەن، ڕووسیا بە گوێرەی گرێبەستێکی نهێنی خەریکی دروستکردنی فڕۆکەی جەنگی پێشکەوتووی جۆری سوخۆی  Su-35ـە بۆ ئێران. 

 ڕۆژنامەی 'ئیتڵاعات' لە ڕاپۆرتێکدا، بڵاوی کردووەتەوە "ئەم گرێبەستە دەتوانێت تا ساڵی 2027 هێزی ئاسمانیی ئێران بە نزیکەی 50 فڕۆکەی پێشکەوتوو پڕچەک بکات، لەوانەیە ئەوەش هاوسەنگیی ئاسایشی ناوچەکە بە شێوەیەکی بنەڕەتی بگۆڕێت."

 پێشتر، ساڵی 2021، ڕووسیا بەڵێنی ناردنی فڕۆکەی سوخۆی  Su-35ـی بە ئێران دابوو، بەڵام بەهۆی جەنگی ئۆکرانیا و زیانەکانی ڕووسیا لە بەرەکانی شەڕدا، گومان لە جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە دەکرا. لەگەڵ ئەوەشدا، بەڵگەنامەکان دەریدەخەن کە ڕووسیا بە شێوەیەکی چالاکانە لە کارگە جیاوازەکانیدا سەرقاڵی بەرهەمهێنانی ئەم فڕۆکانەیە بۆ جێبەجێکردنی داواکارییەکەی ئێران.

ئەم فڕۆکانە، بە فڕۆکەی فرەئەرکی باڵادەستی ئاسمانی دادەنرێن کە تواناکانی هێزی ئاسمانی ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەکەنەوە. بەڵگەنامەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئێستا 16 فڕۆکەی جەنگیی سوخۆی Su-35 بۆ ئێران لە قۆناغی بەرهەمهێناندان.

ئەو جۆرە فڕۆکەیە لە لایەن چەندان کارگەی پیشەسازیی سەربازیی ڕووسیاوە دروست دەکرێن، لەوانە: کارگەی فڕۆکەوانیی یوری گاگارین. دامەزراوەی توێژینەوە و بەرهەمهێنانی زڤێزدا و کارگەی دووەمی مۆسکۆ بۆ دروستکردنی ئامێرەکان (2 MPZ) و لەلایەن یەکە سەربازییەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی ڕووسیاوە سەرپەرشتیی دەکرێن بۆ دڵنیابوون لە کوالێتی. 

شارەزایانی بواری سەربازی، لایانوایە، لە ئەگەری گەیشتنی ئەو جۆرە فڕۆکە پێشکەوتووانە بە ئێران، هاوسەنگیی هێزی ئاسمانیی ناوچەکە بە شێوەیەکی بنەڕەتیی دەگۆڕێت؛ چونکە فڕۆکەی سوخۆی Su-35 بە یەکێک لە فڕۆکە کاریگەر و پێشکەوتووەکانی جیهان ناسراوە.

هێزی ئاسمانی  و سیستەمی ڕاداری ئێران، کەمایەسی زۆری لە ڕووی ژمارە و جۆری فڕۆکە و ڕاداری پێشکەوتووەوە هەیە، ئەوەش لە کاتی جەنگی 12 ڕۆژەدا بە ئاشکرا دەرکەوت، کاتێک فڕۆکەکانی ئیسرائیل و دواتر ئەمەریکا، بەبێ هیچ بەربەرستێک ئاسمانی ئێرانیان کۆنترۆڵ کرد.  

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment