ئیسرائیل نوێنەرێکی تایبەتی دەنێرێت بۆ لوبنان
نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕایگەیاند، ئیسرائیل نوێنەرێک دەنێرێت بۆ لوبنان بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە لە سەر دانانی بناغەیەکی نوێ بۆ پەیوەندییە ئابووریی و هاوکارییەکانی نێوانیان گفتووگۆ بکەن.
چوارشەممە، 3ی کانوونی یەکەمی 2025، نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕایگەیاندووە، ئەم هەنگاوە هەوڵێکی سەرەتاییە بۆ دامەزراندنی بناغەیەک بۆ پەیوەندییە ئابووریی و هاوکارییەکانیان لەگەڵ لوبنان.
ئەمەش لە کاتێکدایە سەرۆکی لوبنان، سیمۆن کەرەم، باڵیۆزی پێشووی لوبنانی ڕاسپاردووە بۆ سەرۆکایەتیی شاندی لوبنان بۆ کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەو لیژنەیە پێنج کەسییەی کە ئەرکی چاودێری و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەستی لەگەڵ ئیسرائیل پێسپێردراوە.
ئیسرائیل و لوبنان بە نێوەندگیری ئەمەریکا ڕێککەوتنی ئاگربەستیان واژۆ کرد، بەڵام ئیسرائیل لەو کاتەوە هێرشەکانی بۆ سەر حزبوڵڵای لوبنان ڕانەگرتووە.
لای خۆیەوە، سەرچاوەیەکی باڵای سەربازی لوبنان کە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی "سکای نیوز"ی عەرەبی، ڕاگەیاندووە "بە بڕوای دەسەڵاتدارانی لوبنان، تاکە ڕێگە بۆ دوورکەوتنەوە لە پەرەسەندن لەگەڵ ئیسرائیل ئەوەیە کە سوپای لوبنان بەردەوام بێت لە ئۆپەراسیۆنەکانی و خێراتری بکات، هاوکات خشتەیەکی کاتیی ڕوون بۆ دانانی چەک لە لایەن چەکدارانی دەرەوەی دەسڵاتی حکوومەت، لە باکووری ڕووباری لیتانی و سەرتاسەری خاکی لوبنان ڕابگەێنێت."
لەو چوارچێوەیەشدا بڕیارە، مۆرگان ئۆرتاگۆس، نوێنەری ئەمەریکا بگاتە بەیروت و بەشداری لە کۆبوونەوەی لیژنەی ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل بکات، بەگوێرەی سەرچاوە لوبنانییەکان، لە بەرنامەی گەشتەکەیدا هیچ دیدارێکی تایبەتی لەگەڵ بەرپرسانی لوبنان نابێت.
ئۆرتاگۆس، پێش ئەوەی سەردانی لوبنان بکات، سەردانی ئیسرائیلی کرد و لەوێ لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیران و ئیسرائیل کاتز وەزیری بەرگری کۆبوەتەوە، تەوەری کۆبوونەوەکەشیان باسکردنی نوێترین پێشهاتەکانی لوبنان و چەکداماڵینی حزبوڵڵای لوبنان بووە، هەروەها چۆنیەتی کارکردن بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەستی تەواوەتی لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان.
لە 27ـی تشرینی دووەمی 2024ـەوە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان لوبنان و ئیسرائیل چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام لایەنی لوبنانی بەردەوام ئیسرائیل بە پێشێلکردنی ئەو ڕێککەوتنە تۆمەتبار دەکات و ئاماژە بەوە دەدەن، سوپای ئیسرائیل لە پێنج ناوچەی جیاوازی ناو خاکی لوبناندا درێژەی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی داوە، بە هۆیەوە لە ماوەی ساڵێکدا 335 کەس کوژراون و 973 کەسی دیکە برینداربوون.
لایەنی ئیسرائیل، جەخت لەوە دەکەنەوە، مانەوەی چەک لە دەستی حزبوڵڵا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران، هەڕەشەی بەردەوامن لەسەر ئاسایشی وڵاتەکەیان، بۆیە تاوەکو ئەو کاتەی ئەو گرووپانە چەکداربن چالاکییە سەربازییەکانی ئیسرائیل لەو ناوچەیە بەردەوام دەبێت و ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕێکی گەورە هەیە لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان.
