بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا: دەبێت ڕێگا لە میلیشیاکان بگیرێت سەقامگیریی عێراق تێک نەدەن
مایکڵ ڕیگەس، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ڕۆژی چوارشەممە لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی باڵەخانە نوێیەکەی کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە هەرێمی کوردستان، جەختی لە پابەندبوونی درێژخایەنی واشنتن بە عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە.
لە دوای هێرشەکەی هەفتەی ڕابردوو بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆر مۆر، ڕیگەس پەیامێکی ئاراستەی لایەنە عێراقییەکان کرد و ڕایگەیاند: "داوا لە هاوبەشە عێراقییەکانمان دەکەین پێکەوە کاربکەن بۆ ئەوەی ڕێگا لە میلیشیاکانی سەر بە ئێران بگرن لە تێکدانی سەقامگیری و پێشێلکردنی سەروەریی عێراق."
هاوکات باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا، هەڵوێستی مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی دووپاتکردەوە سەبارەت بە "پێویستیی هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرووپ و میلیشیایانەی کە هەڕەشەن بۆ سەر ئەمەریکی و عێراقییەکان".
دوێنێ چوارشەممە، 3ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە ڕێوڕەسمێکدا باڵەخانەی نوێی کونسوڵخانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە هەولێر کرایەوە، کە بە گەورەترین کونسوڵخانەی ئەو وڵاتە دادەنرێت لەسەر ئاستی جیهان.
بەردی بناغەی پڕۆژەکە لە 6ـی تەممووزی 2018 دانراوە، تێچووەکەی زیاتر لە 795 ملیۆن دۆلار بووە و لەسەر ڕووبەری 51 فەدان (206 هەزار مەتر دووجا) دروستکراوە.
کونسوڵخانەکە وەک شارۆچکەیەکی بچووک دیزاین کراوە و نووسینگەی سەرەکی، شوێنی نیشتەجێبوونی کارمەندان، شوێنی مانەوەی تیمە ئەمنییەکان و سەردانیکاران، فرۆشگە و شوێنی ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل لەخۆدەگرێت، هاوکات ڕووبەرێکی فراوانیشی بۆ سەوزایی تەرخان کراوە.
لە ڕووی تەکنیکی و ژینگەییەوە، باڵەخانەکە بە شێوازێکی مۆدێرن و دۆستی ژینگە دروستکراوە. سیستەمێکی پێشکەوتووی ڕیسایکلینی ئاوی تێدایە و 15%ـی پێداویستی کارەباکەی لە ڕێگەی وزەی خۆرەوە دابین دەکرێت، ئەمەش بە ئامانجی کەمکردنەوەی کاریگەرییەکان لەسەر ژینگە.
ئەم باڵەخانە نوێیە توانای لەخۆگرتنی 1000 کەسی هەیە و کردنەوەی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە هەولێر، بە نیشانەی گرنگیدانی ئیدارەی ئەمەریکا بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق لێکدەدرێتەوە.
