سوننەکان کاندیدی سەرۆکی پەرلەمان یەکلایی دەکەنەوە
سەرکردەکانی سووننە بۆ یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و پشکەکانیان لە حکوومەتی نوێ، کۆدەبنەوە.
بڕیار ئەمڕۆ پێنجشەممە، 04ـی کانوونی یەکەمی 2025، سەرکردەکانی 'ئەنجومەنی نیشتیمانیی سیاسی"ـی سوننە بە مەبەستی گفتوگۆکردن بۆ یەکلایکردنەوەی کاندیدی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و پۆستەکانیان لە حکوومەتی نوێ، کۆببنەوە.
بە گوێرەی سەرچاوەکان، لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا سەرکردەکانی سوننە دەیانەوێت کاندیدێک دیاری بکەن بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، هاوکات لە هەوڵی ئەوەدان پرۆژەی سیاسی خۆیان ئاراستەی پێکهاتەکانی هاوشێوەی کورد و شیعە بکەن.
بە گوێرەی لێدوانە نافەرمییەکان، هێشتا سوننەکان نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر پۆستی سەرۆکی پەرلەمان و دابەشکردنی وەزارەتەکان، چونکە زیاد لە هاوپەیمانێتییەکی سوننە چاوی لە پۆستی سەرۆکی پەرلەمانە.
پێشتر سەرچاوەیەك لە "ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی"، بە كوردستان 24ـی ڕاگەیاندبوو، هەریەك لە موسەننا سامەرائی، زیاد جەنابی، سالم عیساوی و محەممەد حەلبووسی بۆ سەرۆکی نوێی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق کاندیدن.
هەر بە گوتەی سەرچاوەکە، سەرکردە سوننەکان لەنێوان خۆیاندا ڕێككەوتوون، هەر لایەنێكی سوننە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێت، ئەوا ناتوانێت هیچ وەزارەتێك لە کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵ وەربگرێت.
هەر بەگوتەی سەرچاوەكە، سوننەكان داوای وەزارەتی بەرگری، بازرگانی، ڕۆشنبیری، پیشەسازی و خوێندنی باڵا و داراییان كردووە، بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ هێزە شیعەكان گفتوگۆیان كردووە، بەڵام تا ئێستا یەكلا نەبوونەتەوە.
