بەشێک لە جووتیارانی دەشتی شارەزوور دەستیان بەکێڵانی زەوییەکانیان کردووە

دوای یەکەم بارانی ئەمساڵ لەدەشتی شارەزوور بەشێک لە جووتیاران زەوییەکانیان کێڵاوە و گەنمیان داچاندووە و پێیان وایە پەڵەی داوە، بەشێکی تریشیان هێشتا چاوەروانی بارانی دیکەن بۆ ئەوەی گەنم داچێنن و زەوییەکانیان بکێڵن.

یەکێکە لە دەشتە بەپیت و بەرەکەتەکانی کوردستان، وەرزی جووت و کێڵانی زەوییەکانە، ئاسۆ لەدەشتی شارەزوور خاوەنی دەیان دۆنم زەوییە و بە بارینی یەکەم شەپۆلی بارانی ئەمساڵ دڵخۆشە و پێی وایە کە پەڵەی داوە، بە تراکتۆرەکەی زەوییەکەی دەکێڵێت، بۆ ئەوەی گەنمەکەی داچێنێت، هیواخوازە دوای کێڵانی زەوییەکەی باران زیاتر ببارێت.

ئاسۆ عوسمان، جووتیار بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئێستا خەریکی داچاندنی گەنمین، سوپاس بۆ خوای گەورە باران باریووە و هیچ گرفتێکمان نییە، دەشڵێت، ئەوەی گەنمی نەچاندووە، دەتوانێت گەنم دابچێنێت و پەڵەشی داوە.

محەممەد جووتیارێکی دیکەی ئەم ناوچەیە، بۆچوونی جیاوازە و پێی وایە هێشتا بارانی پێویست نەباریووە و بریاری داچاندنی گەنم و کێڵانی زەوییەکەی نەداوە، ئەو پشکنین بۆ زەوییەکەی دەکات، بۆ ئەوەی بزانێت کەی وادەی کێڵان و جووتە.

محەممەد حەسەن، جووتیار گوتی: من زەویم نەکێڵاوە و جووتم نەکردووە، چاوەڕوانی بارانی دیکەین خوای گەورە بیبارێنێت، ئەوکاتەی بارانی دیکە باری ئێمەش بە پشتیوانی خوا زەوییەکانمان دەکێڵین. 

 بەرێوەبەری کشتوکاڵی شارەزوور ڕێنمایی جوتیاران دەکات لەبارەی کێڵانی زەوییەکان، داوا دەکات کە گاسنی تایبەت بۆ تراکتۆرەکانیان بەکاربهێنن لەکاتی کێڵانی زەوییەکانیان.

فەرەیدون حەسەن، بەرێوەبەری کشتوکاڵی شارەزوور ڕایگەیاند، تا زووتر گەنم بچێندرێت بارانی بەهاری زیاتر بەردەکەوێت، بۆیە بۆ گەنم باشترە لە ئێستاوە جووت بکرێت، گوتیشی: ڕێنمایی جووتیاران دەکەین دەست بەجووتەکانیان بکەن و گاسنی قوڵیش بەکار نەهێنن.

دەشتی شارەزوور دابەش دەبێت بەسەر سنوورەکانی پارێزگای هەڵەبجە و هەردوو قەزای شارەزوور و سەیدسادق، کە لە ڕووبەری 200 هەزار دۆنم زەوی شەش هەزار جووتیار کشتوکاڵی تێدا دەکەن و زۆربەی زەوییەکانیش بە گەنم دادەچێنن.

 

 

 

 

 

 

 

 

 
 
Fly Erbil Advertisment