وێنەگرتن لەمەراسیمی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج قەدەغە کرا
کاروان ستونی گوتەبێژی فەرمی حەج و عومڕەی کوردستان ڕایگەیاند: بە پێی بریارێکی وەزارەتی ناوخۆی سعوودیە، لە وەرزی حەجی 2026 بە هەموو شێوەیەک وێنەگرتن و ڤیدیۆ تۆمارکردن لە هەردوو مزگەوتی پێغەمبەرمان(محەممەد) درودی خوای لەسەر بێت لە مەدینە و حەرەمی پیرۆز لە شاری مەککەی پیرۆز قەدەغە دەکرێت.
کاروان ستونی ڕایگەیاند: ئەم هەنگاوەی سعوودیە لە پيناو خزمەتکردنی حاجیان و هەبوونی کەشێکی ئیمانی و دوورکەوتنەوەی حاجیان لە وێنەگرتن و سەرقاڵبوون بە مۆبایل و شتی دیکەوەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی ئەو ئەزموونەی سعوودیە هەیەتی، دیارە ئاوا لە بەرژەوەندی حاجیانە و ئێمەش هەموو حاجیانی خۆمان لەو هەنگاوە ئاگادار دەکەینەوە لەکاتی چوونیان بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج.
گوتی: پێشوازی لەو بڕیارە دەکەین و هاوکار و هەماهەنگ دەبین بۆ ئەوەی هەمیشە حاجیانمان بە سەرکەوتوو دابنرێن و دیار و جیاوازبین کە چەندە میللەتێکی پابەندین بە ڕێککار و ڕێنماییەکان.
