ئومێد خۆشناو: دەستی دەرەکی و میدیای یەکێتی هۆکاری ئاڵۆزییەکان بوون
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی لیژنەی ئەمنی پارێزگا، بۆ کوردستان24 ڕایگەیاند: دۆخی ئەمنی شاری هەولێر و بەتایبەت گوندی لاجان و قەزای خەبات بە تەواوی ئارامە و لەژێر کۆنترۆڵی هێزە ئەمنییەکاندایە، جەختیشی کردەوە، ئەوەی ڕوویدا پیلانێکی داڕێژراو بوو بۆ تێکدانی سەقامگیری هەولێر.
سەروەری یاسا
پارێزگاری هەولێر ئاشکرای کرد، ژمارەیەک لەو کەسانەی دەستیان لە ئاژاوەگێڕییەکاندا هەبووە بە بڕیاری دادوەر دەستگیرکراون. گوتیشی: پێنج کەس لەوانەی خەڵکی گوندی لاجان بوون، دوای گفتوگۆ لەگەڵ کەسایەتییەکانی ناوچەکە، خۆیان ڕادەستی یاسا کردووە، ناوبراو ڕەتیشیکردەوە کە دەسەڵاتی هەولێر دەسەڵاتێکی پۆلیسی بێت، بەڵکو جەختی کردەوە، هەموو ڕێکارەکان لە چوارچێوەی یاسادا بوون.
میدیای یەکێتی و دەستی دەرەکی
ئومێد خۆشناو ڕەخنەی توندی لە ئاراستەی میدیایی یەکێتی نیشتمانی کوردستان گرت و بە هاندەر و بەشێک لە ئاژاوەکە وەسفی کردن، ڕایگەیاند: بەداخەوە دەزگا فەرمییەکانی ڕاگەیاندنی یەکێتی ڕۆڵێکی خراپیان بینی و وەک هێزێکی دوژمنکار مامەڵەیان کرد،هەروەها ئاماژەی بەوەدا، بەرپرسی یەکەمی یەکێتی لە قەزای خەبات بەشداربووە لە ئاڵۆزییەکان و بەڵگەی ڤیدیۆییان لەبەردەستە.
خۆشناو گوتیشی: ئەم ئاژاوەیە بە پاڵپشتی میلیشیاکانی عێراق و دەستی دەرەکی ئەنجامدراوە بۆ تێکدانی ئەمنیەتی هەرێم.
ڕووداوەکەی گوندی لاجان و پاڵاوگەکان
سەبارەت بە ڕووداوەکانی گوندی لاجان، پارێزگاری هەولێر ڕوونی کردەوە،ئەو پاڵاوگەیەی سوتێنرا سامانێکی نیشتمانی بوو، نزیکەی 70 کەس لە خەڵکی گوندەکە کاریان تێدا دەکرد، ئاماژەی بەوەدا، لە ئەنجامی پەلامارەکاندا شۆفێرێکی بێتاوان شەهید بووە و زیان بە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان گەیشتووە.
ئومێد خۆشناو ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە حکوومەت خزمەتگوزاری بۆ گوندەکە نەکردبێت و لیستێکی لە پڕۆژەکانی ئاو، قوتابخانە و بنکەی تەندروستی خستەڕوو کە بۆ گوندەکە ئەنجام دراون.
ئامادەیی بۆ لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی
لە وەڵامی ئەو تۆمەتانەی باس لە شێوازیی لێکۆڵینەوە و دادگایی دەکەن، ئومێد خۆشناو ڕایگەیاند: دەرگامان واڵایە بۆ نێردە دیپلۆماسییەکان، نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بۆ ئەوەی بێن و لێکۆڵینەوە بکەن و دڵنیابنەوە کە ڕێکارەکان یاسایین.
پارێزگاری هەولێر دڵنیایی دایە خەڵکی هەولێر ڕێگە بە هیچ کەس و لایەنێک نادەن یاری بە ئاسایشی شارەکە بکەن و گوتی: ئەو پیلانە بۆ پەردەپۆشکردنی شکستە سیاسییەکانی لایەنێک و تێکدانی دۆخی هەرێم بوو لەم کاتە هەستیارەدا کە خەریکی پێکهێنانی حکوومەتین، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون.
