کەشناسی: بارانێکی سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، کەشى پێشبینیکراوى 48 کاتژمێرى داهاتووی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، شەپۆلە بارانێک ڕووی لە ناوچەکە کردووە و سەرەتا لە پارێزگای دهۆک دەبارێت، دواتر بارانێکی سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
بە گوێرەی کەشی پێشبینیکراوی ئەمڕۆ یەکشەممە 7ی کانوونی یەکەمی 2025، کەشی ناوچەکە بە گشتی هەور، باران، خێراتربوونی با و نزم بوونەوەی پلەکانی گەرما دەبێت؛ ئەوەی پەیوەندی بە لە هەرێمی کوردستانەوە هەیە، شەپۆلێکی باران سەرەتا لە سنووری پارێزگای دهۆک و ناوچە شاخاوییەکان دەست پێدەکات، بەڵام دوای نیوەڕۆ شەپۆلەکە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و بارانەکە پچڕ پچڕ و مامناوەند دەبێت .
هەر بە گوێرەی پێشبینییەکان، ئەمڕۆ خێراىی با لە 15 – 25 کیلۆمەتر لە هەر کاتژمێرێک دەبێت، بۆ ئەمەش بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاستی خێرایی بای لە مامناوەند بۆ خێرا دیاری کردووە.
هەروەها ئاماژەیداوە، مەودای بینی لە نێوان 7 بۆ 8 کیلۆمەتر دەبێت، کە بە گوێرەی هەڵکەوتەی جوگرافیای دەگۆڕێت.
سەبارەت بە کەشی پێشبینیکراوی سبەى دووشەممە 8ی کانوونی یەکەمی 2025، هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەری شەپۆلێکی باران و نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست و دەریای سوور، بەهۆیەوە کەشی ناوچەکە نا جێگیر دەبێت، لە بارانی لە پچڕ پچڕەوە بۆ بارانی مامناوەندی بەردەوام دەگۆڕێت، هەروەها پێشبینی دەکرێت، هەندێ کات و لە هەندیک ناوچە بۆ لێزمە باران بگۆڕێت و لەگەڵ زیادبوونی خێرایی با.
هەروەها سبەی دووشەممە، پلەکانی گەرما زیاتر نزم دەبنەوە و لە ناوچە شاخاوییەکاندا 6 تاوەکوو 8 پلەی سیلیزی نزمبوونەوەکە پێشبینیکراوە.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی بەمشێوەیە:
هەولێر : 17 پلەی سیلیزی
سلێمانی : 16 پلەی سیلیزی
دهۆک : 15 پلەی سیلیزی
زاخۆ : 16 پلەی سیلیزی
کەرکوک : 18 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە : 17 پلەی سیلیزی
سۆران: 13 پلەی سیلیزی
ئاکرێ : 15 پلەی سیلیزی
ئامێدی: 10 پلەی سیلیزی
گەرمیان : 18 پلەی سیلیزی
پێشبینی دەکرێت لە کوێستانەکانیش بەفر ببارێت
هەر لە بارەی پێشبینییەکانی کەشوهەواوە، دوێنێ شەممە، 6ی کانوونی یەکەمی 2025، فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسیی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پێشبینی دەکرێت زۆرترین ڕێژەی باران لە پارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانی ئیدارەی گەرمیان ببارێت، دواتر درێژ دەبێتەوە بۆ سنووری ڕۆژهەڵاتی هەولێر، بە تایبەت شاری کۆیە و ناوچەکانی دەورووبەری.
ڕاشیگەیاند، پێشبینی دەکرێت لەو ناوچە شاخاوییەکانی کە دوو هەزار مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزترن، بەفر ببارێت.
