ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دەستپێشخەرییەکانی بۆ مانگی رەمەزان راگەیاند
30 یەکەی نیشتەجێبوون بەسەر خێزانە هەژار و کەمدەرامەتەکاندا دابەش دەکرێت
ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەرنامەیەکی بەرفراوانی مرۆیی و ئیداری بۆ مانگی رەمەزانی پیرۆز راگەیاند، تێیدا جگە لە کەمکردنەوەی کاتژمێرەکانی دەوام، چەندین پڕۆژەی خێرخوازی بۆ هاوکارییکردنی کەمدەرامەتان و بارسوکی هاووڵاتییان لەخۆدەگرێت.
سێشەممە 17ـی شوباتی 2026، گوهدار شێخۆ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ رایگەیاند، لە مانگی رەمەزان کاتژمێرەکانی دەوام لە هەموو ناوەندەکانی خوێندنی حکوومی و ناحکوومی کەم دەکرێنەوە.
هەروەها ئاماژەشی دا، لە چوارچێوەی هەڵمەتە مرۆییەکاندا، بڕیاردراوە بە دابەشکردنی 30 یەکەی نیشتەجێبوون بەسەر خێزانە هەژار و کەمدەرامەتەکاندا؛ بۆ ئەمەش لیژنەیەکی تایبەت دروست کراوە.
هەر لەوبارەوە شڤان عبدی، بەرپرسی راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەرنامەی ئیدارەکەی بۆ رەمەزانی ئەمساڵ گشتگیرە و سەرجەم سێکتەرەکان دەگرێتەو.
بەگوێرەی بەرنامەی ئیدارەی سەربەخۆی بۆ مانگی رەمەزان، ژمارەیەکی بەرچاو لە سەبەتەی خۆراک ئامادەکراون بۆ ئەوەی لەم مانگەدا دابەش بکرێن و ژمارەیەک نانەواخانەش دەکرێنەوە کە نان بە خۆڕایی دەبەخشنە هاووڵاتییان.
لە هەنگاوێکی دیکەدا بۆ لابردنی بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتییان، ئیدارەی زاخۆ بڕیاری داوە بە پاکتاوکردن و دانەوەی قەرزی هاووڵاتییان لە مارکێتەکاندا، لەگەڵ ئەداکردنی کرێی خانووی ژمارەیەک لە کرێچییەکان.
بەرنامەکە لایەنی تەندروستی و دارایی خوێندکارانیشی فەرامۆش نەکردووە، بە جۆرێک داشکاندن لەسەر نرخەکانی کلینیک، تاقیگە و دەرمانخانەکان دەکرێت و هاوکاری دارایی پێشکەشی نەخۆشانی هەڵگری نەخۆشییە درێژخایەنەکان دەکرێت. لە کەرتی خوێندنیشدا، قیستی خوێندنی ژمارەیەک لە قوتابییانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە ئەستۆ دەگیرێت.
لە لایەکی دیکەوە و بۆ دەستگەیشتنی هاووڵاتییان بە پێداویستییەکان، بازاڕێکی بەرفراوانی ئازووقە و کەلوپەلی جۆراوجۆر بە نرخێکی گونجاو لە بەرامبەر زانکۆی زاخۆ دەکرێتەوە.