پزیشکێکی کورد لە ئیمارات پلەی یەکەمی لە کۆنگرەیەکی جیهانیی دڵدا بەدەستهێنا
پزیشکێکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی دڵ و هەناو لە شاری دهۆک، لە میانەی بەشداریکردنی لە کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتیدا لە وڵاتی ئیمارات، توانی بە پێشکەشکردنی حاڵەتێکی دەگمەنی پزیشکی، پلەی یەکەم لەسەر ئاستی بەشداربووان بەدەست بهێنێت.
د. محەممەد سەلیم مەتەر، پزیشکی پسپۆڕ لە سەنتەری ئازادی بۆ نەخۆشییەکانی دڵ لە دهۆک، بەشداریی لە کۆنگرەی ساڵانەی "کۆمەڵەی کەنداوی بۆ دەستێوەردانی پزیشکیی دڵ و قەستەرە" (GIS) کرد.
لە کۆنگرەکەدا د. محەممەد چیرۆکی سەرکەوتنی چارەسەرکردنی نەخۆشێکی خستەڕوو کە تووشی گیرانی تەواوەتیی خوێنبەری چەپی دڵی (Left Main Artery) ببوو.
بەپێی زانیارییەکان، لە کاتی ئەنجامدانی قەستەرە و دانانی تۆڕ و باڵۆن بۆ نەخۆشەکە، دۆخەکە ئاڵۆزتر بووە و نەخۆشەکە تووشی جەڵتەیەکی سەختی دڵ بووە. سەرەڕای مەترسییەکان، د. محەممەد توانیویەتی لە ڕێگەی بەکارهێنانی چەند تەکنیکێکی نوێ و پێشکەوتووی بواری قەستەرەوە، زاڵ بێت بەسەر ئاڵۆزییەکاندا و ژیانی نەخۆشەکە لە مردن رزگار بکات. لە ئێستادا دۆخی تەندروستیی نەخۆشەکە جێگیر و باشە.
لەم بارەیەوە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی دهۆک، وێڕای پیرۆزبایی، دەستخۆشی لە د. محەممەد سەلیم کردووە و ئەم دەسکەوتەی بە شانازییەکی گەورە بۆ کەرتی تەندروستیی پارێزگاکە و پزیشکانی کورد لە قەڵەم داوە.
سەنتەری دڵی ئازادی، لە شاری دهۆک بە یەکێک لە سەنتەرە پێشکەوتووەکانی عێراق دادەنرێت کە ساڵانە هەزاران نەشتەرگەری و قەستەرەی تێدا ئەنجام دەدرێت و خزمەت بە هاوڵاتیانی دهۆک و دەوروبەری دەکات.
کۆنگرەی (Gulf Intervention Society) یەکێکە لە گرنگترین کۆبوونەوە زانستییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کەنداو کە ساڵانە لە وڵاتی ئیمارات بەڕێوەدەچێت. لەم کۆنگرەیەدا نوێترین توێژینەوە و تەکنیکەکانی بواری قەستەرە و نەشتەرگەریی دڵ لەلایەن پزیشکانی جیهانەوە تاوتوێ دەکرێت.
کردنەوەی خوێنبەرێک کە بە تەواوی گیرابێت (Chronic Total Occlusion) یان تووشی گیرانی کتوپڕ بووبێت، یەکێکە لە قورسترین پرۆسەکانی قەستەرە و پێویستی بە لێهاتوویی بەرز و تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو هەیە.
