سەردەمی فرەبانکی لە کوردستان کۆتایی دێت
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ئازەر فارووق، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پڕۆسەی یەکگرتنەوەی بانکە بازرگانی و پسپۆڕییەکان چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و لیژنەیەکی باڵا لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک دەستیان بە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان کردووە.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوە، بەپێی پلانەکە لە قۆناغی یەکەمدا، هەر چوار بانک دەکرێن بە یەک بانک؛ ئامانجی سەرەکیی پرۆژەکەش هێشتنەوەی تەنیا یەک بانکی بازرگانییە لە هەولێر و شارەکانی دیکە لە ماوەی ساڵێکدا. لەم کاتەدا لە کۆی 35 بۆ 40 بانک لە هەولێر، ژمارەکە بۆ 8 بانک کەم دەبێتەوە و هەمان ڕێکار لە سلێمانی و دهۆکیش پەیڕەو دەکرێت.
دەربارەی دۆخی فەرمانبەرانیش، سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە دا بەهۆی خانەنشینبوونی ژمارەیەکی زۆر لە کارمەندان، پێشبینیی زیادبوونی فەرمانبەر ناکرێت و بگرە لە زۆر شوێن بۆشایی کارگێڕی هەیە. دوای کۆتایی ساڵ و یەکلاییکردنەوەی میلاکات، فەرمانبەران بەپێی پسپۆڕی و پێویستی بەسەر بەڕێوەبەرایەتی و بەشەکانی دیکەی وەزارەتی دارایی دابەش دەکرێن بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکەیان.
ئەم هەنگاوەی وەزارەتی دارایی بەشێکە لە بەرنامەی چاکسازیی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕێکخستنەوەی کەرتی دارایی و بەدیجیتاڵکردنی سیستەمی بانکی.
لە ماوەی ڕابردوودا حکوومەت پڕۆژەی (هەژماری من)ی بۆ بەبانکیکردنی مووچەی فەرمانبەران ڕاگەیاند، ئەمەش پێویستی بە ژێرخانێکی بانکیی بەهێز و کەمتر بیرۆکراسی هەیە.
کەمکردنەوە و یەکخستنی بانکە حکوومییەکان، هەوڵێکە بۆ کۆنترۆڵکردنی زیاتری سیولەی نەختی، کەمکردنەوەی خەرجیی تێچوونی بەڕێوەبردن و ئامادەسازی بۆ بەستنەوەیان بە سیستەمی بانکیی ناوەندیی عێراق و سیستەمە جیهانییەکان، تاوەکوو هاووڵاتییان بتوانن سوود لە خزمەتگوزارییە مۆدێرنە داراییەکان وەربگرن.
