شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
لەگەڵ گەیشتنی شەپۆلێکی بارانبارین کە بە ڕێژەی جیاواز ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و پێشبینی دەکرێت بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک بەردەوام بێت، پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان ئامادەکاریی تەواویان کردووە.
لەم چوارچێوەیەدا پارێزگاری هەولێر وردەکاریی پێشبینییەکان و ئامادەکارییەکان دەخاتە ڕوو، هاوکات دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان سەبارەت بە مەترسییەکانی لافاو.
کات و چڕیی شەپۆلەکە
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، چڕیی بارانبارینەکە لە کاتژمێر 12ـی ئەمشەوەوە دەست پێ دەکات و بە شێوەی لێزمەباران تا نیوەڕۆی سبەی بەردەوام دەبێت.
دەڵێت: بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر دۆخێکی نەخوازراویش، سەرجەم تیمە خزمەتگوزاری و فریاگوزارییەکان لە حاڵەتی ئامادەباشیی تەواودان.
ژێرخان و مەترسیی لافاو
سەبارەت بە نیگەرانییەکانی دروستبوونی لافاو، پارێزگاری هەولێر دڵنیایی دا، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا کۆمەڵێک پڕۆژەی ستراتیژی لە دەوروبەری هەولێر جێبەجێ کراون کە بوونەتە هۆی ئەوەی مەترسیی لافاو و کۆبوونەوەی ئاو بە تەواوی نەمێنێت و چارەسەر بکرێت.
ڕێکارەکان
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوە دا، پاراستنی گیانی هاووڵاتییان لە پێشینەی کارەکانیانە، بۆیە ئەگەر بارانبارینەکە زۆر بەخوڕ بێت و مەترسی لەسەر ژیانی خەڵک دروست بکات، ئەگەری ئەوە هەیە وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی، هاتووچۆ لە هەندێک شوێنی دیاریکراودا سنووردار بکەن.
