نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەخنە لە بێباکی وڵاتان دەگرێت
نەتەوە یەکگرتووەکان ڕەخنە لە وڵاتان دەگرێت لەسەر ئەوەی تاوەکوو ئێستا لە پێدانی هاوکارییە داراییەکان بۆ ساڵی 2026 بە مەبەستی یارمەتیدانی وڵاتان و خەڵکی لێقەوماو بێدەنگن و دەڵێت: جیهانی بێباکە.
نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ دووشەممە 8ی کانوونی یەکەمی 2025، لەسەر بێدەنگی وڵاتان و بە دەنگەوە نەچوونیان بۆ کۆ کردنەوە یارمەتی مرۆیی بۆ ساڵی 2026، لە ڕاگەیەندراوێکدا، ڕەخنەی توندی لە وڵاتان گرت و ئاماژەیداوە، جیهان بەرانبەر بە مەینەتییەکان بێدەنگە.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا نیگەرانی دەربڕیوە لەوەی وڵاتان بەدەم بانگەواز و داواکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان نەچوون و بەهۆیەوە تووشی کورتهێنانێکی گەورەی دارایی بوونەتەوە.
لەمبارەوە تۆم فلێچەر، بەرپرسی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: " سەردەمی دڕندەیی و خۆ دزینەوە و خەمساردییە."
هاوکات وەک بیرهێنانەوەیەکی جیهانی ئاماژەی بەو ڕووداوانەدا کە بە درێژایی ئەمساڵ بینیویەتی، لەوانە توندوتیژی و کۆمەڵکوژی، پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان لە شەڕ و جەنگدا، توندوتیژی سێکسی. گوتیشی " ئێستا سەردەمێکە، یاساکان پاشەکشە دەکەن، پێکەوەژیانی پێکهاتە ئاینی و نەتەوەکان لەبەردەم مەترسی و هەڕەشەدان، کەچی بەهۆی سەرقاڵی و بێباکیی وڵاتانەوە، هەستی هاوکاریی مرۆیی لاوازبووە و خەریکە لەنێو دەچێت.
فلێچەر باسی لەو بانگەوازە و پلانەی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، بۆ کۆکردنەوەی هاوکاریی مرۆیی بۆ یارمەتیدانی 87 ملیۆن کەس لە مەترسیدارترین ناوچەکانی جیهان، لەوانە غەززە، ئۆکرانیا، سوودان، هایتی و میانمار، گوتی "بەداخەوە ئێستا سەردەمێکە سیاسییەکان شانازی بە بڕینی یارمەتییەکانەوە دەکەن."
نەتەوە یەکگرتووەکان لە پلانیدایە بۆ ساڵی 2026 بڕی 33 ملیار دۆلار هاوکاریی بۆ یارمەتیدانی 135 ملیۆن کەس بکات، بەڵام بە هۆی بڕیاری چاکسازیی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە بڕینی یارمەتییە دەرەکییەکان، کە پارەدارکردنی نەتەوە یەکگرتووەکانیشی گرتووەتەوە و تووشی کورتهێنانی دارایی بووەتەوە.
هەربۆیە تۆم فلێچەر، بەرپرسی کاروباری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان هیوای خواست واشنتن بە بڕیارە چاکسازییەکەی دا بچێتەوە و پابەندبوونەوە بە پێدانی هاوکاریی دارایی بە نەتەوە یەکگرتووەکان نوێ بکاتەوە، چونکە یارمەتییەکان بە ژیان و مەرگەوە پەیوەستن.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سەرتاسەری جیهاندا، 240 ملیۆن کەس بەدەست پەتا و نەخۆشییەوە دەناڵێنن، یان بوونەتە قوربانی کارەساتە سروشتییەکان و گۆڕانی کەشوهەوا، بۆ بە هاناوەچوونیان پێویستیان بە یارمەتی بەپەلە هەیە.
نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی ڕابردوو لە هەڵمەتی کۆ کردنەوەی یارمەتی دارایی بۆ 2025 کە پلانی بۆ 45 ملیار دۆلار دانابوو، تەنیا 12 ملیاری بۆ دابینکرا، ئەمەش لە 10 ساڵی ڕابردوودا کەمترین بودجە بووە.
