ترەمپ لە جێبەجێکردنی پلانی ئاشتی ئۆکرانیا هەست بە نائومێدی دەکات
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕایگەیاند، "کەمێک نائومێد بووە" لە هاوتا ئۆکرانییەکەی ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی ، بەهۆی ئەوەی پلانی ئاشتی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لەگەڵ ڕووسیا بەرەو پێشەوە نەچووە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە وەڵامی پرسیارێکدا لە مەراسیمی ساڵانەی خەڵاتەکانی سەنتەری کێنێدی بە ڕۆژنامەنووسانی گوت: " تەنها چەند کاتژمێرێک پێش ئێستا لەگەڵ سەرۆک پوتن و سەرکردەکانی ئۆکرانیا قسەم کردووە، لەنێویاندا زێلینسکی، دەبێت بڵێم کەمێک بێ هیوا بووم لەوەی زێلێنسکی تەنانەت تا ئێستا پێشنیازەکەی ئەمەریکای لە بارەی ئاشتی ئۆکرانیا بە تەواوی نەخوێندووەتەوە ".
دانوستانەکانی نێوان بەرپرسانی ئەمەریکا و ئۆکرانیا کە زێلێنسکی بە تەلەفۆن بەشداریی تێدا کرد، ڕۆژی شەممە 6ی کانوونی یەکەم، بەبێ هیچ پێشکەوتنێکی دیار کۆتایی هات، سەرەڕای بەڵێنی سەرۆکی ئۆکرانیا بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی زیاتر بۆ گەیشتن بە "ئاشتی ڕاستەقینە".
ئەو دانووستانە دوای ئەوە هات کە ستیڤ ویتکۆف و جارێد کوشنەر، نوێنەری ئەمەریکا لە کرێملین لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، کۆبونەوە و مۆسکۆ بەشێک لە پێشنیازی ئەمەریکای ڕەتکردەوە.
پلانی ئەمەریکا لە مانگی ڕابردووەوە کە بۆ یەکەمجار هاتە ئاراوە، چەند گۆڕانکارییەکی بەسەردا هاتووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕەخنەی ئەوە دەگیرێت کە پلانەکەی ئەمەریکا بۆ ڕووسیا زۆر نەرم و نیانە لەگەڵ ئەوەشدا فشاری زۆری تێدایە کە ئۆکرانیا ناچار بکات لە بەشێک لە خاکەکەی دەست هەڵبگرێت و چاوپۆشی لە چەند مافێکی دیکەی وڵاتەکەی بکات، لە پێناو ڕاگرتنی شەڕنێوانیان لە گەڵ ڕووسیا کە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە بەردەوامە.
