کوردانی ڕۆژهەڵات خاوەنی زۆرینەی خواردنگەکانی سەروپێن لە تاران

خاوەن و چێشتێلێنەری زۆربەی خواردنگەکانی سەروپێ لە تاران کوردن، یەکێک لەو کەسانەی لە خواردنگەیەکی "سەر و پێ"دا کار دەکات، دەڵێت، هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی هەلی کار لە ناوچەکانی کوردستان، گوتیشی، 30 بۆ 40 ساڵ لەمەوبەر کەسێک لە گوندەکانی شاری سنەوە هاتووەتە تاران و کاری سەر و پێی کردووە، لە داهاتەکەی ڕازی بووە، ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی کەسانێکی دیکەش بۆ هەمان کار ڕوو لە تاران بکەن.

نەوید مورادی، خاوەنی خواردنگە دەڵێت: 30 -40  ساڵ لەمەوبەر پیاوێک هاتوەتە تاران و ئەمکارەی کردووە، داهاتەکەشی باش بووە، ئیتر کە دەچێتە بۆ ئاواییەکەیان، منداڵانی ئەوکەسانەی کەمدەرامەت و فەقیر بوونە هێناوەتە تاران تاوەکوو کار بکەن داهات پەیدا بکەن. ئیتر کەم کەمە هاتوون تاوەکوو داهاتیان باشبووە، ئیتر کوردەکان بەم کارەوە بەناوبانگ بوون.

یەکێکی دیکە لە کوردانی خاوەن خواردنگەی سەر و پێ دەڵێت، خۆی 35 ساڵە لە تارانە و خەریکی کاری سەر و پێیە. دەشڵێت، ساڵانی پێشتر بازاڕیان باشتر بووە و ئێستا بازاڕەکەیان وەک ساڵان نەماوە.

حاجی محەممەد، خاوەنی خواردنگەیەو دەڵێت، پێشتر هەموو شتێک هەرزان بوو، بەتایبەت سەروپێ، خەڵک ئەیخوارد، بەڵام ئێستا خواستی لەسەر کەمە، ئێمە 100 تا 150 دانەمان بۆ دێت و خۆمان پاکی دەکەینەوە و ئامادەی دەکەین بۆ کڕیاران.

هاووڵاتییەکی نیشتەجێی تاران دەڵێت، خواردنی سەر و پێی زۆر پێ خۆشە و بەردەوام سەردانی خواردنگەکانی سەر و پێ دەکات. ئەویش دەڵێت خاوەنی زۆرینەی خواردنگەکانی سەر و پێ کوردن، هۆکارەکەشی نازانێت.

هاووڵاتیەکی تاران باس لەوەدەکات، ئەم خواردنەمان زۆر پێ خۆشە، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە یەکێک لە بەتامترین خواردنە ئێرانییەکانە، هەرچی باسی تام و بۆنەکەی بکەم هێشتا کەمە، چونکە بەڕاستی بەتامە، تورکیش ئەم کارە دەکەن بەڵام زۆرینە کوردن و نازانم هۆکارەکەی چییە کە زیاتر کورد ئەم کارە دەکەن، بەڵام بەڕاستی خۆشی درست دەکەن.

لە کۆنەوە یەکێک لە هۆکارەکانی کۆچی گەنجانی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ شارەکانی دیکەی ئێران، بەتایبەت بۆ شاری تارانی پایتەخت، نەبوونی هەلی کار بووە لە ناوچەکانی کوردستان.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل