پەیامنێرانی بێسنوور: ڕۆژنامەنووسان نامرن، بەڵکو دەکوژرێن

ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور، سوپای ئیسرائیل بە دوژمنە سەرسەختەکەی ڕۆژنامەنووسان ناو دەبات و دەڵێت؛ لە 12 مانگی ڕابردوودا لە سەرتاسەری جیهاندا، 67 ڕۆژنامەنووس کوژراون، بەڵام نیوەیان لە غەززە بە دەستی سوپای ئیسرائیل کوژراون.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور، کە ئەمڕۆ سێشەممە 9ی کانوونی یەکەمی 2025 بڵاویکردووەتەوە، لە سەرەتای مانگی 12ی 2024 تا سەرەتای مانگی 12ی 2025، کە دەکاتە ساڵێکی تەواو، توندوتیژیی هێزە چەکدارەکان، لە چەکدارانی فەرمی و نا فەرمی و گرووپە تاوانکارییەکان زیادیان کردووە.

ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنوور، کە ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتییە و داکۆکی لە مافی ڕۆژنامەنووسان دەکات، لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەیداوە، ڕۆژنامەنووسان نامرن، بەڵکو دەکوژرێن.

هەر لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکەدا هاتووە، لەو 67 ڕۆژنامەنووسەی لە ماوەی یەکساڵی ڕابردوودا کوژراون، نزیکەی نیوەیان لە کەرتی غەززە بە گولـلەی هێزەکانی ئیسرائیل کوژراون.

هەروەها ڕێکخراوەکە، سوپای ئیسرائیلی بە دوژمنی سەرسەختی ڕۆژنامەنووسان ناوبردووە و ئاماژەیداوە، لە 12 مانگی ڕابردوودا، جگە لە کوشتنی ڕۆژنامەنووسان،  29 هاوکار و یارمەتیدەری ڕۆژنامەنووسانیش لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە لە غەززە کوژراون.

گوێرەی ئامارەکانی ڕێکخراوی یەکێتیی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەنووسان، ساڵی 2024ی 104 ڕۆژنامەنووس، لە ساڵی 2023 دا، 129 ڕۆژنامەنووس لە سەرتاسەری جیهان کوژران.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل