تەرمی کچە قوتابییەکی 9 ساڵان لەنێو قوڕ و لیتەی ناحیەی لەیلان دۆزرایەوە
دوای ئەوەی بەهۆی دروستبوونی لافاوەوە لە گوندی فەرقانی سەر بە ناحیەی لەیلان کچە قوتابییەک بێسەرشوێن بوو، کەمێک لەمەوبەر تەرمەکەی لەنێو قوڕ و لیتەی لافاوەکەدا دۆزرایەوە و دەرهێنرا.
بەگوێرەی زانیارییەکان، قوربانییەکە ناوی (بەیار عیسا)یە و تەمەنی( 9 )ساڵانە و قوتابی پۆلی 3ـی بنەڕەتی بووە.
دوای ئەوەی ئاوی لافاوەکە ڕووی لە گوندەکەیان کردووە، ئەو منداڵە بەر لێزمەی لافاوەکە کەوتووە و دیار نەماوە، دواتر لە ئەنجامی گەڕان و بەدواداچووندا توانرا تەرمەکەی بدۆزرێتەوە کە قوڕ و لیتە دایپۆشیبوو.بە گیانلەدەستدانی ئەم منداڵە 9 ساڵانە، ژمارەی قوربانییانی ئەمڕۆی شەپۆلی لافاوەکە بۆ 3 کەس بەرزبووەوە، دوای ئەوەی پێشتر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ دوو کەسی دیکە گیانیان لەدەستدا.
ناحیەی لەیلان کە دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی کەرکووک، یەکێکە لەو ناوچانەی بەهۆی هەڵکەوتەکەیەوە لە کاتی بارانبارینی بەخوڕدا مەترسیی کۆبوونەوەی ئاو و دروستبوونی لافاوی لەسەرە، ڕووداوەکەش هاوکاتە لەگەڵ ئەو شەپۆلە بەهێزەی بارانبارین کە لە نیوەڕۆی ئەمڕۆوە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی گرتووەتەوە.
