پارێزگاری هەڵەبجە پەیامێکی هاوخەمیی ئاڕاستەی خەڵکی چەمچەماڵ کرد
پارێزگاری هەڵەبجە نیگەرانی و دڵگرانیی قووڵی خۆی و ئیدارەی پارێزگاکەی بۆ گیانلەدەستدانی دوو هاووڵاتی و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکە لە سنووری چەمچەماڵ بەهۆی لافاوەوە دەربڕی و ڕایگەیاند: لەم کۆستەدا خۆیان بە هاوبەشی خەمی کەسوکاری قوربانییەکان دەزانن.
لە پەیامەکەیدا نوخشە ناسح، پارێزگاری هەڵەبجە ئاماژەی بەوە کردووە، بەداخێکی زۆرەوە هەواڵی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنەیان پێگەیشتووە، وێڕای پرسە و سەرەخۆشی بۆ خانەوادەی قوربانییەکان، هیوای خواستووە خودا سەبوورییان پێ ببەخشێت.
هاوکات هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارانی ڕووداوەکە خواستووە و ئومێدی ئەوەی نیشانداوە بە زووترین کات دۆخەکە کۆنترۆڵ بکرێتەوە و سەلامەتیی گیان و ماڵی هاووڵاتیان پارێزراو بێت.
پەیامەکەی پارێزگاری هەڵەبجە دوای ئەوە دێت کە لە نیوەڕۆی ئەمڕۆ 9/12/2025ـەوە، شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین ڕووی لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کردووە و لە سنووری قەزای چەمچەماڵ بووە هۆی دروستبوونی لافاو.
بەهۆی بەهێزیی لافاوەکەوە، دوو هاووڵاتی لەو سنوورە گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون، ئەمە جگە لەو زیانە ماددییە زۆرەی بەر ناوچەکە کەوتووە.
