نەتەوە یەکگرتووەکان: 40%ـی ئافرەتانی ڕۆژنامەنووس بەهۆی توندوتیژیی ئەلیکترۆنییەوە دەستدرێژییان کراوەتە سەر
توێژینەوەیەکی نوێی نەتەوە یەکگرتووەکان ئامارێکی مەترسیدار دەخاتەڕوو و ئاشکرای دەکات کە توندوتیژیی دژی ئافرەتان لە جیهانی دیجیتاڵیدا سنوورەکانی تێپەڕاندووە و بووەتە هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بۆ سەر ژیانیان لە واقیعدا.
سێشەممە، 9ـی کانوونی یەکەمی 2025، دەستەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئافرەتانی (UN Women) بە هاوبەشی لەگەڵ چەند لایەنێک، ئەنجامی توێژینەوەیەکی بە ناوی "خاڵی وەرچەرخان - Tipping Point" بڵاو کردەوە. توێژینەوەکە لەسەر بنەمای ڕاپرسی لەگەڵ زیاتر لە 6,900 ئافرەت ڕۆژنامەنووس، بەرگریکاری مافی مرۆڤ و چالاکوان لە 119 وڵاتی جیاوازەوە ئامادە کراوە.
بەپێی داتاکانی ڕاپۆرتەکە، زیاتر لە دوو لەسەر سێی ئەو ئافرەتانی بەشداریی ڕاپرسییەکەیان کردووە، ڕووبەڕووی توندوتیژیی ئۆنلاین بوونەتەوە، هەروەها ئامارێکی مەترسیدار هەیە کە زیاتر لە 40%ی بەشداربووان، پێیان وایە هێرشە ئەلیکترۆنییەکان بوونەتە هێرشی واقعیی.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئەو ئافرەتانی بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ دەکەن یان هەواڵ دەگوازنەوە، دەکرێنە ئامانج بۆ ئەوەی بێدەنگ بکرێن و لە گفتوگۆی گشتیدا وەدەر بنرێن، هەروەها بە شێوەیەکی بەرچاو، ئەم هێرشانە تەنیا ئەلیکترۆنی نین، بەڵکوو لە دەچنە نێو ماڵەکانیان.
ڕاپۆرتەکە تیشکی خستووەتە سەر بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای نوێ، لە وانە زیرەکیی دەستکرد (AI) و "دیپ فەیک" بۆ دروستکردنی وێنە و ناوەڕۆکی ساختە دژی ئافرەتانی نووسەر و چالاکوان.
بە ڕێژەی 41%ـی بەشداربووان ڕایانگەیاندووە، توندوتیژییە ئۆنلاینەکان بوونەتە هۆی هێرشی جەستەیی و سێکسی، بەدواداچوون و چاودێریکردن (Stalking) و تەکتیکی "Swatting" (فریودانی هێزە ئەمنییەکان بە ڕاپۆرتی درۆ بۆ هەڵکوتانە سەر ماڵی قوربانییەکە).
هاوکات جولی پۆسێتی، توێژەری سەرەکیی ڕاپۆرتەکە ئاشکرای کرد، حاڵەتەکانی زیانگەیاندنی جەستەیی بە ئافرەتانی ڕۆژنامەنووس کە سەرچاوەکەیان ئۆنلاینە، لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا "دوو هێندە" زیادیان کردووە. لە ساڵی 2025دا، 42%ـی بەشداربووان ئەم ڕێڕەوەیان بە "مەترسیدار و کوشندە" وەسف کردووە.
لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەدا، داوا کراوە یاسای توندتر دابنرێت، کۆمپانیاکانی تەکنۆلۆژیا بەرپرسیار بکرێن و هەوڵی زیاتر بدرێت بۆ ئەوەی پیاوانیش دژی ئەم شێوازە لە توندوتیژییە دەنگ هەڵبڕن.
