سبەی له‌ ناوه‌نده‌کانی خوێندنی دوکان و شارباژێڕ پشووە

بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەکانی دوکان و شارباژێڕ ڕایانگەیاند: لە پێناو سەلامەتیی گیانی قوتابییان و مامۆستایان، سبەی لە ناوەندەکانی خوێندنی پشووی فەرمی دەبێت.

سێشەممە، 9ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی دوکان لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، بە هۆی ئەو لافاو و بارانەی ئەمڕۆ کە زیانی بە قوتابخانەو ڕێگە و بانەکان گەیاندووە، لە پێناو سەلامەتیی گیانی قوتابییان و مامۆستایان، بڕیار درا سبەی چوارشەممە لە باخچە، قوتابخانە و خوێندگەکان پشووی فەرمی بێت.

لە لایەکی دیکەوە بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی شارباژێڕ، لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت: بە هۆی نالەباریی کەشوهەوا و  لە پێناو سەلامەتیی گیانی هەمووان و قوتابییان، سبەی له‌ سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌کانی خوێندنی سنوورەکەمان پشووە.

دوێنێ دووشەممە، 8ـی کانوونی یەکەمی 2025، شەپۆلێکی بەهێز و چڕی بارانبارین زۆربەی پارێزگا و ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە، لە هەندێک ناوچەدا بەهۆی زۆریی بڕی بارانەکەوە لافاو دروست بوو و زیانی گیانی و ماددیی لێ کەوتەوە.

ڕووداوەکان تەنیا بە زیانی ماددی کۆتاییان نەهات، بە پێی ئامارەکانی بەرگریی شارستانی و لایەنە تەندروستییەکان، لە چەند ناوچەیەکی جیاواز بەهۆی لافاوەوە، ژمارەیەک هاووڵاتی گیانیان لەدەست داوە و چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون. تیمەکانی فریاگوزاری توانیویانە تەرمی قوربانییەکان دەربهێننەوە و بریندارەکانیش ڕەوانەی نەخۆشخانەکان بکەن.

تیمەکانی بەرگریی شارستانی و پۆلیس و شارەوانییەکان لە سەرجەم شارەکاندا کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، لە زۆر شوێن توانیویانە ئەو هاووڵاتییانە ڕزگار بکەن کە لەناو ئۆتۆمبێلەکانیان یان ماڵەکانیاندا گیریان خواردبوو.

ئەم شەپۆلە بارانبارینە پێشبینی دەکرێت کاریگەرییەکەی هێشتا بەردەوام بێت، وای کردووە دەزگا پەیوەندیدارەکان هۆشداری بدەنە شۆفێران و هاووڵاتییان کە لە کاتی پێویست نەبێت لە ماڵەکانیان دەرنەچن و لە ڕێڕەوی لافاو دوور کەونەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل