وەزارەتی ناوخۆ زیانە سەرەتاییەکانی شەپۆلی بارانبارینی دوو ڕۆژی ڕابردووی بڵاو کردەوە

سێشەممە 9ـی کانوونی یەکەمی 2025: ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتی سەرەتایی زیانەکانی شەپۆلی بارانبارینی دوو ڕۆژی ڕابردووی بڵاوکردەوە. بەپێی ڕاپۆرتەکە، شەپۆلەکە زیانی گیانی و ماددی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە، بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی و کەرکووک.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، کۆی گشتی سێ کەس گیانیان لەدەستداوە و کەسێکیش بێسەروشوێنە، بە شێوەیەک لە قەزای چەمچەماڵ، دوو هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە، کەسێک بێسەروشوێنە و کەسێکی دیکەش لەناو لافاوەکەدا تووشی تەنگەنەفەسی بووە و بارودۆخی جێگیر نییە، هەروەها لە پارێزگای کەرکووک (ناحیەی لەیلان)، منداڵێکی تەمەن 7 ساڵ بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوەوە خنکاوە.

داتاکانی ڕاپۆرتەکە بەپێی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆییەکان بەم شێوەیەی خوارەوەن:

پارێزگای هەولێر:

بڕی دابارینی باران لە پارێزگای هەولێر لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2025 لە سەنتەری شار (25.6) ملم باران بووە. بەشێوەیەکی گشتی زیانێکی وا تۆمار نەکراوە، تەنیا ئاو لە چەند ناوچەیەک کۆبووەوە.

هەروەها لە گوندی قەریتاغ سەر بە ناحیەی شەمامک، (6) ماڵ ئاو چووەتە ناو ماڵەکانیان.

پارێزگای سلێمانی:

بەشێوەیەکی گشتی بڕی دابارینی باران لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2025 نزیکەی (61.3) ملم بووە. بەڵام هیچ زیانێک تۆمار نەکراوە لەو ڕۆژدا.

لە 9ی کانوونی یەکەمی 2025  دوای نیوەڕۆ بارانێکی بەلیزمە هەمان پارێزگای گرتەوە و چەندین ماڵ و قوتابخانە لە گەڕەکی ڕاپەرین ئاو چووتە ماڵیان و زیانیان پێگەیشتووە.

لە قەزای چەمچماڵ و ناحیەی تەکیەی و شۆرش، ڕێژەی دابارینی باران بەشێوەیەکی زۆر بەلێزمە بووە لە ماوەی (4) کاتژمێر لە نێوان (11 نیوەڕۆ بۆ 2 ی نیوەڕۆ) کە بووەتە هۆی دروستبوونی لافاوێکی بەهێز لەو ناوچانە.

زیانە سەرەتاییەکان بەم شێوەیەن:

1. دوو کەس گیانی لەدەستداوە.

2. کەسێک لە ناو لافاوەکە بووە و تووشی تەنگە نەفەسی بووە، بارودۆخی ناجێگیرە.

3. یەک کەس بێ سەر و شوێنە.

4. دەیان ئۆتۆمبیل ئاو بردوویەتی و زیانیان پێکەوتووە.

5. چەندها گەڕەک و ماڵ ئاو چووتە ماڵەکانیان.

6. چەندەها دووکان و کۆگا ئاو چووەتە ناویان.

7. ڕێگە سەرەکییەکانی سلێمانی- چەمچەماڵ و کەرکوک – چەمچەماڵ داخراون و بە سەدان کەس لە خاڵی پشکنینەکان گیریان خواردووە.

8. کارەبا لە قەزای چەمچەماڵ بڕاوە و هێلەکانی ئەنتەرنێت کێشەیان تێکەوتووە.

پارێزگای دهۆک:

بە شێوەیەکی گشتی ڕێژەی دابارینی باران لەو پارێزگایە (23.6) ملم بووە لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2025 و بارانێکی مامناوەند بووە و هیچ زیانێک تۆمار نەکراوە.

پارێزگای هەڵەبجە:

بڕی دابارینی باران لەو پارێزگایە لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2025 نزیکەیی (54) ملم بووە و سوپاس بۆ خوا جگە لە گیرانی چەند ڕێڕەوێکی ئاوی، هیچ زیانێک تۆمار نەکراوە.

پارێزگای کەرکوک:

بڕی دابارین لەو پارێزگایە نزیکەی (26.7) ملم بووە لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئاو لە یەکێک لە قوتابخانەکان لە گەرەکی شۆراوە ئاو چووتە قوتابخانەکە، بەڵام لە ناحیەی لەیلان، گوندی بەیانلوو، یەکێک لە پردەکان ئاو بردویەتی و لە ئێستادا ڕێگەی کەرکوک – لەیلان داخراوە. ب

بەداخەوە منداڵێکی تەمەن (7) ساڵ بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی خنکاوە و ئێستا تەرمەکەی لە نەخۆشخانەی لەیلانە و بەپێ هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکان لەو گوندە زیانی ماددی هەیە بەڵام بەهۆی نەبوونی ڕێگەکان، تیمەکان نەیانتوانیوە زیانەکان تۆمار بکەن.

ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان:

ڕێژەی دابارینی باران لەو ئیدارەیە نزیکەی (50) ملم بووە لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2025 و خۆشبەختانە تەنیا ئاو لە چەند شوێنێکی ئیدارە کۆبووەتەوە کە دەستبەجێ لە لایەن تیمەکانی فریاگوزاری چارەسەر کراوە و زیانێکی وەهای نەبووە.

بەڵام ڕێژەیەکی باران بارین لە دوای نیوەڕۆی ڕێکەوتی 9ـی کانوونی یەکەمی 2025 زۆر بووە، کە بووەتە دروستبوونی لافاو لە ناحیەی ڕزگاری و زیانێکی زۆر هەبووە. کە بەم شێوەی خوارەوە بووە:-

1. زیانێکی زۆر بەر بازاڕی ناحیەی ڕزگاری کەوتووە و چەندین دووکان و کۆگا زیانیان بەرکەوتووە.

2. ئاو چووتە چەندین ماڵ و زیانی ماددی بەر هاوڵاتیان کەوتووە.

3. ڕێگەی نێوان هەردوو قەزای کەلار و ڕزگاری پچڕاوە.

ئیدارەی سەربەخۆی سۆران:

ڕێژەی دابارین لەو ئیدارەیە نزیکەی (25.6) ملم بووە لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2025 بەڵام دابارینێکی زۆری بەفر هەبوو لە ناوچە سنوورییەکان بەتایبەت لە دەروازەکانی (زێد و حاجی ئۆمەران) کە بووەتە هۆی پێکدادان لە نێوان دوو بارهەڵگر، شاخەکانی (سیدەکان) بەفر دایانی پۆشیوە. دەڤەری باڵەکایەتی تاوەکو چۆمان بەفرێکی زۆر باریووە.

بەهۆی کەوتنە خوارەوەی تاشە بەردێک ئاستەنگی هاتووچۆ لە ڕێگەی سەرەکی گەلی علی بەگ- بێخاڵ دروست بووبوو، بەڵام لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی چاککردن و پاراستنی ڕێگەوبان و تیمی وەڵامدانەوەی خێرا بە زووی لابرا.

بەهۆی داڕمانی شاخ، خانووی هاوڵاتێک لە شارۆچکەی قەسرێ لە قەزای چۆمان ڕووخا.

ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ:

ڕێژەی دابارین لەو ئیدارەیە لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2025 نزیکەی (13) ملم بووە و هیچ زیانێک تۆمار نەکراوە. ئاستی ئاوی ڕووباری خابوور لە (95) سم بۆ (205) سم بەرزبووەتەوە و لە لایەن تیمەکانی بەنداو و سەرچاوە ئاوییەکان بەردەوام چاودێری دەکرێت.

ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین:

بڕی دابارین لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2025 نزیکەیی (84) ملم بووە. هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە، بەڵام ئاستی ئاوی زێی بچووک بەرزبووەتەوە و چەند ماڵێک لە قەزای حاجی ئاوا کەوتونەتە ژێر کاریگەری ئاوەکە و زیانی ماددی هەبووە.

لە سنووری دەروازەی کێلی، بەفرێکی زۆر باریووە کە ئاستەنگی هاتووچۆی بۆ شوفێران دروستکردووە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل