زێلێنسکی لە وەڵامی ترەمپ: ئامادەم بۆ هەڵبژاردن، بەڵام بە مەرج

ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە نوێترین پەیامیدا وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی دایەوە کە باس لە فشارەکانی ئەمەریکا دەکەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و ڕایگەیاند، ئەو ئامادەیە بچێتە نێو پرۆسەی هەڵبژاردنەوە، بەڵام بە مەرجی دابینکردنی ئاسایش و هەموارکردنەوەی یاساکان.

سێشەممە 9ـیکانوونی یەکەمی 2025، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا سەبارەت بەو هەواڵانەی کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی لێ کردووە، ڕایگەیاند: من ئەو بابەتەم لەگەڵ ترەمپ باس نەکردووە، بەڵام پرسی هەڵبژاردن پەیوەندی بە گەلی ئۆکرانیاوە هەیە نەک گەلی وڵاتانی دیکە.

سەرۆکی ئۆکرانیا ئەو تۆمەتانەشی ڕەت کردەوە کە گوایە بۆ مانەوە لە دەسەڵات درێژە بە جەنگ دەدات و گوتی: ئەوە چیرۆکێکی نادروستە، من خۆم بە دەسەڵاتەوە نابەستمەوە.

زێلێنسکی ئاشکرای کرد کە بە دوو مەرج ئامادەیە هەڵبژاردن ئەنجام بدات و داوای لە ئەمەریکا و وڵاتانی ئەورووپا کرد کە ئەگەر دەیانەوێت هەڵبژاردن بکرێت، دەبێت خۆیان ئاسایشی پرۆسەکە لەژێر مووشەکباران و بۆ سەربازانی بەرەکانی جەنگ دابین بکەن، هەروەها دەبێت پەرلەمان یاساکان هەموار بکاتەوە بۆ ئەوەی ڕێگە بە هەڵبژاردن بدات لە کاتی جەنگدا.گوتیشی: ئەگەر ئاسایش دابین بکرێت، لە ماوەی 60 بۆ 90 ڕۆژدا ئامادەین بۆ هەڵبژاردن.

هەر ئەمڕۆ سێشەممە، دۆناڵد ترەمپ، لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئێستا کاتێکی گرنگە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ئۆکرانیا، دەشڵێت: سەرکردەکانی ئەو وڵاتە جەنگ بەکار دەهێنن بۆ ئەوەی هەڵبژاردن نەکەن، بەڵام پێم وایە ئۆکرانییەکان دەیانەوێت هەڵبژاردن بکرێت.

سەرۆکی ئەمەریکا هەر لە بارە هەڵبژاردنەکان گوتی: ڕەنگی ڤۆلۆدێمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بتوانێت دووبارە ببێتەوە سەرۆک.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل