پەرلەمانی ئێران سوپای وڵاتانی ئەوروپای دەخاتە لیستی تیرۆر

محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، سوپای سەرجەم وڵاتانی ئەوروپا دەخەینە لیستی تیرۆر، ئەمەش وەک هەڵوێست و وەڵامدانەوەی ئەو بڕیارەی ئەوروپایە کە سوپای پاسدارانی ئێرانیان خستە لیستی تیرۆر.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی شوباتی 2026، لە یادی گەڕانەوەی ئیمام خومەینی بۆ تاران و سەرخستنی ئینقلاب، لە گوتارێکدا رایگەیاند، گەلی ئێران سوپای پاسداران بە بەشێک لە خۆیان دەزانن.

گوتیشی:  بڕیارەکەی یەکێتیی ئەوروپا بۆ ناونانی سوپای پاسداران بە رێکخراوێکی تیرۆریستی، کردارێکی نا بەرپرسانەیە و بە فەرمانی سەرۆکی ئەمەریکا و رژێمی ئیسرائیل کراوە.

قالیباف دەڵێت: سەرکەوتنی ئینقلابی ئیسلامی ئەو رۆژە بوو کە توانرا دەستی بێگانەکان لە ئێرانی ئازیزدا ببڕدرێت، چونکە ئینقلابی ئیسلامی بە پشتبەستن بە فەرهەنگی ئێرانی و ئیسلامیی گەل توانی وڵاتێکی بەهێز و سەربەخۆ و یەکگرتوو دروست بکات.

هەروەها رایگەیاند، ئێرانێکی بەهێز و سەربەخۆ و یەکگرتوو بەربەستی سەرەکییە لە بەردەم پلانە درێژخایەنەکانی داگیرکاران، بێگومان ئەمەش نهێنی بەهێز مانەوەی ئینقلاب ئیسلامی و سەرکەوتنیەتی.

قالیباف ئاماژەی بەوەشدا، سوپای پاسداران ناوازەترین دامەزراوەی دژە تیرۆرە لە جیهاندا و گوتی: بە هاوکاریی خەڵکی ناوچەکە، سوپای پاسداران توانی داعش تێکبشکێنێت و هەڕەشەی داعشی لەسەر جیهان لەناوبرد، هەروەها لە شەڕی دژی تیرۆری نێودەوڵەتیدا سەدان شەهیدی داوە، لەنێویاندا یەکێک لە گەورەترین و بەئەزموونترین فەرماندەکانی، قاسم سولەیمانی بووە.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، باسی لەوەشکرد، بە گوێرەی ماددەی حەوتەمی یاسای سوپای پاسداران بۆ بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان، سوپای وڵاتانی ئەوروپی بە گرووپێکی تیرۆریستی دەناسێنین و دەرئەنجامەکانی ئەم بڕیارەش لە ئەستۆی یەکێتیی ئەوروپا دەبێت.