چەمچەماڵ.. هۆشداری لە شەپۆلێکی دیکە دەدرێت
ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24 دواین ئاماری زیانەکانی لافاوەکەی چەمچەماڵی خستەڕوو. بەگوێرەی زانیارییەکان، نزیکەی 500 ماڵ ئاویان تێچووە و زیانیان بەرکەوتووە، هاوکات 12 کەس برینداربوون و دوو کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
جگە لە زیانە گیانییەکان، زیانێکی زۆر بەر ژێرخانی شارەکە کەوتووە؛ چەندان کۆگا و دووکان، تۆڕەکانی کارەبا، هێڵەکانی ئینتەرنێت و ژمارەیەک باڵەخانەی حکوومی زیانیان پێگەیشتووە.
لە ماوەی تەنیا سێ کاتژمێردا، نزیکەی 80ملم باران لە چەمچەماڵ باریووە. هۆکاری ئەم بارانە بەخوڕە دەگەڕێتەوە بۆ کاریگەریی هەوری "سوپەر سێڵ" کە رووی لە ناوچەکە کردووە.
سەبارەت بە هۆکاری تەکنیکیی دروستبوونی لافاوەکەش، زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پۆندێک لە "بانی مەقان" سەرڕێژی کردووە. بەهۆی ئەوەی بەشێک لە هاووڵاتییان لە نزیک پۆندەکە باخیان دروستکردووە و دەستکاریی ڕێڕەوی ئاوەکەیان کردووە بۆ ناو باخەکانیان، ئاڕاستەی ئاوی سەرڕێژبووی پۆندەکە گۆڕاوە بۆ ناو شار و بووەتە هۆی دروستبوونی ئەو لافاوە گەورەیە. ئەمە یەکەمجارە ڕووداوی لەو شێوەیە لە چەمچەماڵ ڕووبدات.
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، شەپۆلی بارانبارین کە لە شەوی ڕابردووەوە دەستیپێکردووە، بەردەوام دەبێت. هۆشداری دراوە کە ئەمڕۆ هەوری "سوپەر سێڵ" بگاتە ناوەندی سلێمانی، قەرەداغ و دەربەندیخان و ئەگەری دروستبوونی لافاو لەو ناوچانەش هەیە. لەبەر سەلامەتیی گیانی هاووڵاتییان، لە بەشێکی زۆری ئەو ناوچانە پشوو ڕاگەیەندراوە.
بڕیارە هەر ئەمڕۆ تیمەکان سەردانی گەڕەکەکان بکەن بۆ خەمڵاندنی قەبارەی زیانەکان بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەی هاووڵاتییان. هەروەها لە قۆناغی یەکەمدا، ئەمڕۆ هاوکاریی بەپەلە (خۆراک، جلوبەرگ و جێگەی نووستن) دەگەیندرێتە دەست ئەو خێزانانەی زیانیان بەرکەوتووە.
