ئیسرائیل ڕەتیدەکاتەوە ڕێککەوتنی ئەمنیی لەگەڵ سووریا هەبووبێت

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن بنیامین ناتانیاهۆ، لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوودا، واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی ئەمنیی لەگەڵ سووریا هەبێت.

نووسینگەی ناتانیاهۆ لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، وەک وەڵامێک بۆ چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندن، ڕایگەیاند: "هەرگیز شتەکان نەگەیشتوونەتە قۆناغی ڕێککەوتن یان لێکگەیشتن لەگەڵ سووریا، ئەوەی بڵاوکراوەتەوە ڕەنگدانەوەی واقیعی ئەو پەیوەندییانە نییە کە لەنێوان هەردوولادا هەبووە".

ئەم ڕوونکردنەوەیە لە وەڵامی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرزدا هات کە ئاماژەی بەوە کرد؛ گفتوگۆی نێوان هەردوولا بە نێوەندگیریی ئەمەریکا بە ئامانجی گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێی ئەمنیی بەڕێوەچووە، بەڵام گەیشتووەتە بنبەست.

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن دانوستانەکان لە مانگی ئەیلوولی ساڵی ڕابردووەوە وەستاون و خاڵی سەرەکیی ناکۆکییەکانیش داواکاریی ئیسرائیل بووە بۆ کردنەوەی "رێڕەوێکی مرۆیی" بۆ پارێزگای سوێدا (سوەیدا) لە باشووری سووریا.

بەگوێرەی زانیارییەکان، شەش خولی پەیوەندی و کۆبوونەوە لە نێوان بەرپرسانی سووریا و ئیسرائیل بە سەرپەرشتیی ئەمەریکا ئەنجامدراوە، لە هەوڵێک بۆ داڕشتنی لێکگەیشتنێکی ئەمنیی لە ناوچە سنوورییەکان، بەڵام ئەو خولانە هیچ ئەنجامێکی بەرجەستەیان نەبووە.

ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، چەند ڕۆژێک پێشتر جەختی لەسەر ڕەتکردنەوەی پێشنیازی ئیسرائیل کردبووەوە بۆ دامەزراندنی "ناوچەی دابڕاو" (Buffer Zone) لە باشووری سووریا و بە هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەی وەسف کردبوو.

هەروەها تەلئەڤیڤی تۆمەتبار کرد بەوەی دوای شەڕی غەززە هەوڵی هەناردەکردنی قەیرانەکانی دەدات بۆ دەرەوەی سنوورەکانی و ئاماژەی بەوەدا هێزەکانی ئیسرائیل لە 8ـی کانوونی یەکەمی 2024ەوە لە ڕۆژی ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد زیاتر لە هەزار هێرشی ئاسمانی و 400 هێرشی زەمینییان ئەنجامداوە.

دیمەشق پابەندبوونی خۆی بە ڕێککەوتنی جیابوونەوەی ساڵی 1974 دووپات دەکاتەوە و بە بنەمای هەر گفتوگۆیەکی داهاتووی دەزانێت، لە هەمان کاتدا جەخت لەسەر پێویستی کشانەوەی هێزەکان دەکاتەوە لەو خاکانەی کە لە دوای 8ـی کانوونی یەکەمی 2024ەوە دەستیان بەسەردا گرتووە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل