قایمقامییەتی کەلار هۆشداری لە دروستبوونی لافاو دەدات
ئەمڕۆ چوارشەممە، 10ـی کانوونی یەکەمی 2025، قایمقامییەتی کەلار لە پۆستێكدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فێسبووک، هاووڵاتییانی ئاگادار کردەوە، کە ئەگەر ڕوودانی لافاوێکی بەهێز هەیە.
ناوچەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان هێشتا هەر لە ژێر کاریگەریی ئەو شەپۆلە بارانە بەخوڕەدا ماونەتەوە، کە چەند ڕۆژێکە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە.
لەگەڵ ئەم شەپۆلە بارانەی ئەمجارە، جگە لە بەنداوی دەربەندیخان، بەنداوەکانی (حەسەن کەنۆش، باوەشاسوار، ئاوەسپی، تۆرەجاڕ) و پۆندەکانی سنووری ئیدارەی گەرمیان بە تەواوی سەرڕێژیان کردووە.
هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانی ئیدارەی گەرمیان ئەم ژمارە تەلەفونەیان (07709544444) بڵاوکردووەتەوە و ئاگاداری دانیشتووانی سنووری ئیدارەی گەرمیانیان کردووەتەوە، هەر خێزانێک بەهۆی لافاوەوە ماڵەکەی چۆڵکردووە، تاوەکوو ئاساییبوونەوەی دۆخەکە، شوێنی حەوانەوەی بۆ دابین دەکەن.
دوێنێ سێشەممە، 9ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەهۆی بارانی بەخوڕەوە، لە چەمچەماڵ لافاو زیانی گیانی و ماددی لێ کەوتەوە؛ ڕهمەك ڕهمهزان، قایمقامی قهزای چهمچهماڵ ڕایگەیاند، بە هۆی لافاوەوە زیانێکی زۆری ماددەی بە دانیشتووانی ناحیە و گوندەکانی سەر بە قەزای چەمچەماڵ کەوتووە و لە ئەنجامدا دوو هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و 12 کەسی دیکەش بریندار بوون.
بە گوتەی قایمقام، لە ناوەندی شاری چەمچەماڵ زیاتر لە 500 خانوو و 100 دووکان زیانیان بەرکەوتووە، چوار پردیش لە سنووری قەزاکەدا ڕووخاون.
بە گوێرەی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، تەنیا لە 12 کاتژمێردا لە 9ی بەیانی تا 9ی ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، لە چەمچەماڵ 80 ملم و لە دەربەندیخان 80.2 ملم باران باریوە، کە بەرزترین ئاستی بارینە لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە.
