قایمقامی کەلار داوا لە بەشێکی هاووڵاتییان دەکات ماڵەکانیان چۆڵ بکەن

تیمەکانی بەرگریی شارستانی سەرقاڵی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاون
تیمەکانی بەرگریی شارستانی سەرقاڵی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاون

قایمقامی کەلار هۆشداری لە ئەگەری دووبارەبوونەوەی لافاو دەدات و داوا لە دانیشتووانی نزیک چەم و دۆڵەکان دەکات ماڵەکانیان بەجێبهێڵن. 

چوارشەممە، 10ـی کانوونی یەکەمی 2025، عارف عادل، قایمقامی قەزای کەلار بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، "مەترسیی دروستبوونەوەی لافاو لە کەلار هەیە. داوامان لە دانیشتووانی نزیک چەم و گۆمەکان کردووە ماڵەکانیان چۆڵ بکەن. یەکێک لەو شوێنانەی مەترسیی لافاوی لەسەرە، چەمی گازینۆیە لە گەڕەکی گۆران." 

ناوبراو جەختیشی کردەوە، مەترسیی شکانی بەربەستەکانی چەمی گۆپانیش هەیە و ئەگەری دروستبوونەوەی لافاوێکی دیکە لە ئارادایە.  گوتیشی، "تاوەکو ئێستا لە کەلار هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە و تەنیا زیانی ماددی هەبووە." 

چەند ڕۆژێکە شەپۆلێکی بەخوڕی باران شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و پێشبینی دەکرێت تا ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، 10ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەردەوام بێت. بەهۆی بارانەکەوە، لافاو لە سنووری چەمچەماڵ و کەرکووک ڕوویدا و بەهۆیەوە سێ کەس گیانیان لە دەستدا. 

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل