پۆگبا یانەیەکی پێشبڕکێی حوشتری لە سعوودیە کڕییەوە

دەڵێت: لە یوتیوب زۆر سەیری دەکەم و حەزم لەم یارییەیە

پۆل پۆگبا یانەیەکی پێشبڕکێی حوشتری لە سعوودیە کڕییەوە و دەڵێت : زۆر حەزم لەم یارییەیە و لەکاتی پشووەکانم سەیری دەکەم.

لە بەیاننامەیەکیدا یانەی ئەلهەبووبی سعوودی کە تایبەتە بە پێشبڕکێی حوشتر، بڵاویکردووەتەوە پۆل پۆگبا ئەستێرەی فەڕەنسی یانەی مۆناکۆ بەشێکی خاوەندارییەتی یانەکەیانی کڕیوەتەوە و لەمەودوا وەکو باڵیۆزی یانەکەشیان بۆ زیاتر ناساندنی یانەکەیان دەستبەکار دەبێت، کە ئێستا ناوەڕاستکارە فەڕەنسییەکە دوای تەواوبوونی ماوەی سزایەکەی بەهۆی خواردنەوەی ماددە وزەبەخشە قەدەخەکراوەکان، لەگەڵ مۆناکۆ دەستی بە یاریی کردووەتەوە.

پۆگبا لە دیمانەیەکی لەگەڵ کەناڵی BBCـی بەریتانی لە لێدوانێکیدا خولیای خۆی بۆ پێشبڕکێی حوشتر دەربڕیوە و دەڵێت :'من چەندان پێشبڕکێی حوشترم لە یوتیوب سەیر کردووە و حەز بەو یارییە دەکەم، دواجار هەر یارییەکی وەرزشی وەرزشێکە بۆ خۆی، لەکاتی پشووەکانم زۆر جار بەدواداچوون بۆ یاسا و ستراتیژییەتییەکانی ئەم یارییە دەکەم و حەزم بە پێشبڕکێی حوشترە'.

پێشبڕکێی حوشتر یەکێکە لە یارییە سەرنجڕاکێشەکانی وڵاتانی کەنداو و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەرمایەی ئەو پێشبڕکێیەی یانەکانی کوەیت، ئیمارات، بەحرەین، سعوودیە و قەتەڕ بەشداریی تیادا دەکەن دەگاتە زیاتر لە پێنج ملیار دۆلار، کە ساڵی رابردوو براوەی پێشبڕکێیەکە نرخیکەی پێنج ملیۆن دۆلاری بردەوە.

 
 

 

Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل