داتا و زانیاریی تایبەت بە ڕووداوە سرووشتییەکەی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان

 بەگوێرەی نوێترین ڕاپۆرتی فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان داتا و زانیاریی تایبەت بە ڕووداوە سرووشتییەکەی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان کە ئەمڕۆ 10ی کانوونی یەکەمی 2025 بڵاو کراوەتەوە، بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

بەهۆی شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین و دروستبوونی لافاو لە 48 کاتژمێری ڕابردوودا، بەتایبەت لە سنووری سلێمانی، گەرمیان و کەرکووک، ژمارەیەک هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و زیانی ماددی گەورە بەر ژێرخانی ناوچەکە کەوتووە. حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لیژنەی تایبەتی بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان پێک هێنا.

پارێزگای هەولێر

بڕی دابارینی باران لە پارێزگای هەولێر لە ڕێکەوتی 8-12-2025 لە سەنتەری شار (25.6) ملم باران بووە.

ڕێژەی دابارین لە ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی 9-12-2025 لە پارێزگای هەولێر، (14.1) ملم بووە.
• بە شێوەیەکی گشتی زیانێکی وا تۆمار نەکراوە، تەنیا ئاو لە چەند ناوچەیەک کۆ بووەوە.
• لە گوندی قەریتاغ سەر بە ناحیەی شەمامک، (6) ماڵ ئاو چووەتە ناو ماڵەکانیان.
• بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی لێڵیی ئاو، زۆربەی ئەو پرۆژانەی کە دەکەونە سەر زێی گەورە بەرهەمهێنانیان ڕاگیراوە، ئەم ڕاگرتنەش بۆ ماوەی (24 تاوەکوو 48) کاتژمێر بەردەوام دەبێت، بۆیە داوا لە هاووڵاتییان کراوە دەست بە ئاوەوە بگرن.
• بەهۆی هەورە بروسکەوە (6) پێشمەرگە لە سنووری بالیسان بریندار بوون و برینەکانیان سووکن و (5) لە پێشمەرگەکان، لە نەخۆشخانەی ڕانیە چارەسەریان وەرگرتووە و ئێستا گەڕێندراونەتەوە شوێنی خۆیان، تەنیا یەک کەسیان بۆ نەخۆشخانەی سلێمانی ڕەوانە کراوە بە مەبەستی چارەسەر.

پارێزگای سلێمانی

بە شێوەیەکی گشتی بڕی دابارینی باران لە ڕێکەوتی 8-12-2025 نزیکەی (61.3) ملم بووە. بەڵام هیچ زیانێک تۆمار نەکراوە لەو ڕۆژدا. لە ڕێکەوتی 9-12-2025 لە دوای نیوەڕۆ بارانێکی بەلێزمە هەمان پارێزگای گرتەوە، تاوەکوو شەو بەردەوام بوو، بڕی دابارین گەیشتە (122.7) ملم، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی، چەندین ماڵ و قوتابخانە لە گەڕەکی ڕاپەڕین ژێر ئاو بکەون و ئاو لە چەندین شەقامی سەرەکی کۆ ببێتەوە. بەڵام لە قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی تەکیە و شۆڕش، ڕێژەی دابارینی باران بە شێوەیەکی زۆر بەلێزمە بووە، لە ماوەی (4) کاتژمێر لە نێوان (11 نیوەڕۆ بۆ 2ی نیوەڕۆ)ی ڕۆژی سێشەممە، ڕێکەوتی 9-12-2025 بڕی (80) ملم بووە، تەنیا لەو ڕۆژەدا لە چەمچەماڵ (127.1) ملم و لە تەکیە (173.5) ملم باران باریوە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی لافاوێکی بەهێز لەو ناوچانە، زیانە سەرەتایییەکان بەم شێوەیەن:

• دوو کەس گیانیان لەدەست داوە و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون، کەسێکیش بێسەروشوێنە.
• دەیان ئۆتۆمبێل ئاو بردوونی و زیانیان پێکەوتووە.
• (500) ماڵ لە قەزای چەمچەماڵ زیانی بەرکەوتووە و لە پارێزگای سلێمانی و بازیانیش چەندین ماڵ زیانیان بەرکەوتووە.
• زیاتر لە (100) دووکان و کۆگا ئاو چووەتە ناویان و (5) فەرمانگەی حکومی ئاویان تێچووە و کتێبخانەی چەمچەماڵ زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.
• ڕێگە سەرەکییەکانی سلێمانی- چەمچەماڵ و کەرکووک – چەمچەماڵ داخراون و بە سەدان کەس لە خاڵەکانی پشکنین گیریان خواردووە.
• کارەبا لە قەزای چەمچەماڵ بڕاوە و هێڵەکانی ئینتەرنێت کێشەیان تێکەوتووە. بنکەی کەشناسیی قەزاکە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.
• لە ناحیەی شوان بەهۆی لافاوەوە (400) حەوزی ماسی و پرۆژەی ئاوی خاڵخاڵان ژێرئاو کەوتوون.
• لە هەریەکە لە سنووری پارێزگای سلێمانی، قەزای شارەزوور، چەمچەماڵ، دووکان، شارباژێر و پێنجوێن، ناوەندەکانی خوێندن کراوەتە پشوو.
• لە ناحیەی پیرەمەگروون، ئاو چووەتە ناو چەندین ماڵ و چەندین کۆگا و دووکان زیانیان بەرکەوتووە.
• لە قەزای دوکان (7) ماڵ و (15) دوکان و مارکێت و ڕێستۆرانت، زیانیان بەرکەوتووە.
• نەخۆشخانەی شەهید غەریب هەڵەدنی و بنکەی پۆلیسی فریاکەوتن لە قەزای دووکان ئاویان تێچووە.
• بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی زێی بچووک، زیانی ماددیی بە گوندەکانی کەپەنک، سماقە، جگیکە و قەرەناو کەوتووە.

پارێزگای دهۆک

بە شێوەیەکی گشتیی ڕێژەی دابارینی باران لەو پارێزگایە (23.6) ملم بووە، لە ڕێکەوتی 8-12-2025 بارانێکی مامناوەند بووە و هیچ زیانێک تۆمار نەکراوە. ڕێژەی دابارین لە ڕێکەوتی 9-12-2025 بە بڕی (1.8) ملم بووە.

پارێزگای هەڵەبجە

بڕی دابارینی باران لەو پارێزگایە لە ڕێکەوتی 8-12-2025 نزیکەی (54) ملم بووە، جگە لە گیرانی چەند ڕێڕەوێکی ئاوی، هیچ زیانێک تۆمار نەکراوە.

ڕێژەی دابارین لە ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی 9-12-2025 لە پارێزگای هەڵەبجە (92.5) ملم بووە، لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و زانکۆکان پشووی فەرمی ڕاگەیەندراوە. ماڵێک لە ناوەندی هەڵەبجە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.

ئاستی ئاوی ڕووباری سیروان بە ڕێژەیەکی بەرچاو ڕووی لە زیادبوون کردووە.

پارێزگای کەرکووک

بڕی دابارین لەو پارێزگایە نزیکەی (26.7) ملم بووە، لە ڕێکەوتی 8-12-2025 و لە ڕێکەوتی 9-12-2025 لە پارێزگاکە (39.4) ملم باران باریوە. زیانەکان تا ئێستا بەم شێوەیەن:

• لە گەڕەکی شۆراوە، ئاو چووتە قوتابخانەیەک، لە ناحیەی لەیلان، گوندی بەیانلوو، یەکێک لە پردەکان ئاو بردویەتی و لە ئێستادا ڕێگەی کەرکووک – لەیلان داخراوە.
• منداڵێکی تەمەن (7) ساڵ، لە گوندی فرقانی، بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوەوە خنکاوە، ئێستا تەرمەکەی لە نەخۆشخانەی لەیلانە.
• پردێکی ستراتیجی لە قەزای داقوق داڕماوە، بەهۆیەوە هاتووچۆی نێوان کەرکووک و بەغداد نەماوە.

ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان

ڕێژەی دابارینی باران لەو ئیدارەیە نزیکەی (50) ملم بووە، لە ڕێکەوتی 8-12-2025 و خۆشبەختانە تەنیا ئاو لە چەند شوێنێکی ئیدارە کۆ بووەتەوە کە دەستبەجێ لە لایەن تیمەکانی فریاگوزاریی چارەسەر کراوە و زیانی نەبووە. بەڵام ڕێژەی بارانبارین لە دواینیوەڕۆی ڕێکەوتی 9-12-2025 زۆر بووە، بە نزیکەیی (76.6) ملم باران باریوە، بووەتە هۆی دروستبوونی لافاو لە ناحیەی ڕزگاری و کەلار و زیانێکی زۆری هەبووە، کە بەم شێوەی خوارەوە بووە:
• لە قەزای کەلار منداڵێک کەوتووەتە نێو ئاوی لافاو و بە هۆییەوە خنکاوە.
• زیانێکی زۆر بەر بازاڕی قەزای ڕزگاری کەوتووە و چەندین دووکان و کۆگا زیانیان بەرکەوتووە.
• ئاو چووتە چەندین ماڵ و زیانی ماددی بەر هاووڵاتییان کەوتووە.
• ڕێگەی نێوان هەر دوو قەزای کەلار و ڕزگاری پچڕاوە.
• هاتووچۆی نێوان گەرمیان و سەرجەم ڕێگە سەرەکییەکان داخراون.
• لە گەڕەکی گۆران لە کەلار، بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە پردی لە نێوان هەر دوو گەڕەکی بەری گۆران و بەری سەرکەوتن، چەندین ماڵ ئاو چووەتە ناویانەوە.
• دەیان ئۆتۆمبێل ژێرئاو کەوتن و زیانیان پێکەوتووە.
• بەشێکی پرۆژەی ئاودێریی سەلام، کە شادەماری ژیانی گەرمیانە، ئەو بەشەی لە هەوارە سوورەیە بەتەواوەتی ئاو بردوویەتی.
• پرۆژەی شێخ لەنگەر زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.
• پرۆژەی باوەجۆ و سەرچاوەکانی بەتەواوەتی پڕ بووەتەوە.
• بەشێک لە ڕێگەوبانەکانی گەرمیان زیانیان بەرکەوتووە.
• زیانێکی بەرچاو بەر تۆڕی کارەبا کەوتووە.
• پردی پێکەوە بەستنی هەر دوو قەزای کفری و ڕزگاری لە ناحیەی سەرقەڵا دارووخاوە و ئاستەنگی هاتووچۆ دروست بووە.
• ژمارەیەک پرۆژەی حەوزی بەخێوکردنی ماسی و خانووی پلاستیکی کشتوکاڵ و مەرەشەی ئاودانیی دەستکرد بەتەواوەتی لەناو چوون.
• ژمارەیەک لە سندووقی هەنگ لە ناوچوون، ژمارەیەک پەلەوەرە و مەڕی گوندەکان مرداربوونەتەوە.
• شەقامی پشتێنەیی کەلار زیانی بەرکەوتووە، شۆستەکانی ناوشار لە قەزای ڕزگاری تێکشکاون، بەربەستی لافاوی سەید خەلیل – گۆپان زیانی بەرکەوتووە.

ئیدارەی سەربەخۆی سۆران

ڕێژەی دابارین لەو ئیدارەیە نزیکەی (25.6) ملم بووە، لە ڕێکەوتی 8-12-2025 دابارینێکی زۆری بەفر هەبوو لە ناوچە سنوورییەکان، بەتایبەت لە دەروازەکانی (زێد و حاجی ئۆمەران) ئەمەش بووەتە هۆی پێکدادان لەنێوان دوو بارهەڵگر، شاخەکانی (سیدەکان) بەفر دایپۆشیون. دەڤەری باڵەکایەتی تاوەکوو چۆمان بەفرێکی زۆر باریوە. هەروەها بڕی دابارینی ڕێکەوتی 9-12-2025 نزیکەی (12.3) ملم بووە.

بەهۆی کەوتنەخوارەوەی تاشەبەردێک ئاستەنگی هاتووچۆ لە ڕێگەی سەرەکیی گەلی عەلی بەگ - بێخاڵ دروست بوو، بەڵام لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی چاککردن و پاراستنی ڕێگەوبان و تیمی وەڵامدانەوەی خێرا بەزوویی لا برا. بەهۆی داڕمانی شاخ، خانووی هاووڵاتییەک لە شارۆچکەی قەسرێ لە قەزای چۆمان ڕووخا. لە گوندی خانەقا، دیواری ماڵی هاووڵاتییەک ڕووخاوە. لە سیدەکان، بەهۆی بارینی بە لێزمەوە، خانووی هاووڵاتییەک ڕووخاوە.

ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ

ڕێژەی دابارین لەو ئیدارەیە لە ڕێکەوتی 8-12-2025 نزیکەی (13) ملم بووە، لە ڕێکەوتی 9-12-2025 بڕی دابارین (18.5) ملم بووە، لەو ئیدارەیە هیچ زیانێک تۆمار نەکراوە. ئاستی ئاوی ڕووباری خابوور لە (95) سم بۆ (205) سم بەرزبووەتەوە و لە لایەن تیمەکانی بەنداو و سەرچاوە ئاوییەکان بەردەوام چاودێری دەکرێت. ڕێگای گوندی کانی ڕهال، نزیک ڕێگەی گشتی، زەوییەکە ڕۆچووە و هاتووچۆی ئۆتۆمبێل ڕاگیراوە.

ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین

بڕی دابارین لە ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین لە ڕێکەوتی 8-12-2025 نزیکەی (84) ملم بووە. هیچ زیانێکی گیانی تۆمار نەکراوە، ئاستی ئاوی زێی بچووک بەرز بووەتەوە و (3) ماڵ لە قەزای حاجیاوا کەوتوونەتە ژێر کاریگەریی ئاوەکە و زیانی ماددی هەبووە. لە ڕێکەوتی 9-12-2025 بڕی دابارین (22.5) ملم بووە. لە سنووری دەروازەی کێلێ، بەفرێکی زۆر باریوە و ئاستەنگی هاتوچۆی بۆ شۆفێران دروست کردووە. بەڵام ڕێکەوتی 10-12-2025 دەروازەکە بەتەواوەتی داخرا و جووڵەی بازرگانی و گەشتیاری لە دەروازەکە ڕاگیرا.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل