سەرکردەکانی ئەورووپا و بەریتانیا لەگەڵ ترەمپ تاوتوێی دۆخی ئۆکرانیایان کرد
لە هەوڵێکدا بۆ بەرەوپێشبردنی دۆسیەی ئۆکرانیا و هاوکات لەگەڵ فشارەکانی واشنتن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک، سەرکردەکانی فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی 40 خولەکیدا لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا، تاوتوێی دواین پێشهاتەکانی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیایان کرد.
چوارشەممە 10ـی کانوونی یەکەمی 2025، کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا (ئێلیزێ) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، سەرکردەکانی وڵاتەکەی، بەریتانیا و ئەڵمانیا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بە تەلەفۆن گفتوگۆیان کردووە بە ئامانجی هەوڵدان بۆ بەرەوپێشچوون لە دۆسیەی ئۆکرانیادا.
کۆشکی ئێلیزی ئاشکرای کرد پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە 40 خولەکی خایاندووە و هەریەکە لە کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا و فریدریک مێرز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا بەشداری پەیوەندییەکەیان کردووە، بەڵام سەرۆکایەتی فەرەنسا وردەکاری پەیوەندییەکەیان بڵاو نەکردووەتەوە.
بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە، سەرکردەی وڵاتانی هاوپەیمانی ئۆکرانیا لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆببنەوە. گوتەبێژێکی حکوومەتی فەرەنسا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە ترەمپ فشاری خستووەتە سەر کیێڤ بۆ قبووڵکردنی ڕێککەوتنێک بە مەبەستی کۆتایی هێنان بە جەنگ.
ئەمەش دوای ئەوە دێن، دوێنێ سێشەممە ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاندبوو، لەم چەند ڕۆژی ڕەشنووسی کۆتایی بۆ ئاشتی لە وڵاتەکەی بڵاو دەکرێتەوە و دەگاتە دەست ئەمەریکا.
هەروەها لە وەڵامی لێدوانەکانی ترەمپ، لەبارەی هەڵبژاردنی لە ئۆکرانیا کە گوتبووی، سەرکردەکانی کیێڤ جەنگ وەک بیانوو بۆ ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن بەکار دەهێنن، زێلێنسکی، ڕایگەیاندبوو، ئامادەیە هەڵبژاردن بکات، بە مەرجێک دۆخی ئەمنی و سەلامەتی مسۆگەر بکرێت.
ڕۆژی دووشەممەش، هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی ئۆکرانیا پشتیوانی خۆیان بۆ زێلێنسکی دووپات کردەوە، هاوکات گومانی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە هەندێک بەشی ئەو پێشنیازە نوێیەی ئەمەریکا کە بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە خستوویەتیەڕوو.
