سزاکەی سەر "ئێکس" پەیوەندییەکانی ئەورووپا و ئەمەریکای ئاڵۆز کردووە

پێگەی هەواڵی ئەکسیۆسی ئەمەریکی ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە تێیدا ئاماژەی داوە، پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و برۆکسل گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار لە گرژی؛ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ناکۆکییەکان لەسەر ئازادی ڕادەربڕین، کۆچبەران و جەنگی ئۆکرانیای کردووەتە سیاسەتی فەرمیی خۆی و لە ستراتیژیی نوێی ئاسایشی نەتەوەییدا، یەکێتیی ئەورووپای وەک نەیارێکی جیۆپۆڵەتیک ناساندووە.

سزاکەی "ئێکس" ئاگری شەڕەکەی خۆش کرد

دوای ئەوەی یەکێتیی ئەورووپا بە تۆمەتی "چەواشەکردنی بەکارهێنەران و شاردنەوەی داتا"، سزای 140 ملیۆن دۆلاری بەسەر پلاتفۆرمی (ئێکس)ی ئیلۆن مەسکدا سەپاند، ئیدارەی ترەمپ کاردانەوەی توندی نیشاندا. دۆناڵد ترەمپ وڵاتانی ئەورووپای بە "لاواز و بەرەو داڕمان" وەسف کرد.

ئیلۆن مەسک کە خاوەنی پلاتفۆرمەکەیە، سزاکەی بە "ستەمکاریی بیرۆکراسی" ناوبرد و لەژێر هاشتاگی (#AbolishTheEU) هەڵمەتێکی دژی یەکێتییەکە دەستپێکرد. لە بەرانبەردا ڕادۆسلاو سیکۆرسکی، وەزیری دەرەوەی پۆڵەندا وەڵامێکی توندی مەسکی دایەوە و پێی ڕاگەیاند: بڕۆ بۆ مەریخ، لەوێ هیچ سانسۆرێک لەسەر سڵاوی نازییەکان نییە.

هەڵوێستی توندی بەرپرسانی ئەمەریکا

مارکۆ ڕوبیو، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سزاکەی ئەورووپای بە "هێرشکردنە سەر گەلی ئەمەریکا" ناوبرد. هاوکات جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کە بە دژایەتیکردنی ئەورووپا ناسراوە، سزاکەی بە بێبایەخ وەسف کرد. تەنانەت تێد کروز، سیناتۆری کۆمارییەکان داوای کردووە ترەمپ سزای ئابووری بخاتە سەر یەکێتیی ئەورووپا.

ستراتیژیی ئاسایشی نەتەوەیی ترەمپ

ناکۆکییەکان تەنیا لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نین، بەڵکوو لە ستراتیژیی نوێی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکادا، یەکێتیی ئەورووپا بەوە تۆمەتبار کراوە کە پڕۆسەی دیموکراسی تێکدەدات و سنوورەکانی بۆ کۆچبەران خستووەتە سەرپشت. ستراتیژییەکە داوای دامەزراندنی بەرگری لە ناوخۆی وڵاتانی ئەورووپا دەکات دژی ئەوەی ناوی ناوە سڕینەوەی شارستانیەت.

کاردانەوەی ئەورووپا و خۆشحاڵی ڕووسیا

جۆزێپ بۆرێل، دیپلۆماتکاری باڵای پێشووی یەکێتیی ئەورووپا هۆشداریدا کە ئەمە "ڕاگەیاندنی جەنگی سیاسییە" و ترەمپ دەیەوێت ئەورووپایەکی دابەشبوو دروست بکات. ئەنتۆنیۆ کۆستا، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەورووپا ڕایگەیاند دەستوەردان لە ژیانی دیموکراسی ئەورووپا قبووڵکراو نییە.

لەم نێوەندەشدا، کرێملن خۆشحاڵیی خۆی بەم دابەشبوونە نیشان داوە و دیمیتری پێسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن ڕایگەیاندووە تێڕوانینەکانیان لەگەڵ ئەمەریکا لەبەرانبەر ئەورووپا یەکدەگرنەوە.

ترس لە چارەنووسی ئۆکرانیا

ئەم ناکۆکییانە هاوکاتن لەگەڵ نیگەرانیی سەرکردەکانی ئەورووپا (فەرەنسا، ئەڵمانیا و بەریتانیا) کە لە لەندەن لەگەڵ زێلێنسکی کۆبوونەوە، لە ترس ئەوەی ترەمپ ڕێککەوتنێکی ئاشتی بەسەر ئۆکرانیادا بسەپێنێت کە لە زیانی ئەورووپا بێت. کۆشکی سپی پێی وایە چاوەڕوانییەکانی ئەورووپا بۆ جەنگەکە "ناواقیعی"ن، ئەمەش ترسی ئەوەی دروستکردووە کە کیشوەرەکە لە دۆسیەی ئاسایشی خۆیدا پەراوێز بخیرێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل