ڕێبەری ئایینیی دروزەکانی ئیسرائیل: پێویستە ئەمەریکا پێکهاتەکانی سووریا بپارێزێت

مووەفەق تەریف، ڕێبەری  ئاینیی دروزەکانی ئیسرائیل. وێنە:ڕۆیتەرز
مووەفەق تەریف، ڕێبەری ئاینیی دروزەکانی ئیسرائیل. وێنە:ڕۆیتەرز

ڕێبەری ئایینیی دروزەکانی ئیسرائیل، هانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەدات، بۆ دابینکردنی ئاسایش بۆ پێکهاتەکانی سووریا تاوەکوو جارێکی تر کارەساتەکەی پارێزگای سووەیدا، بەرانبەر بە دروزەکان، دووبارە نەبێتەوە. 

چوارشەممە، 10ـی کانوونی یەکەم 2025، مووفەق تەریف، ڕێبەری ئایینیی دروزەکانی ئیسرائیل، لە میانی سەردانێکی فەرمیدا بۆ بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ، بە ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند "دەبێت واشنتن بۆ پاراستنی کەمینەکان لە سووریا و بەهێزکردنی سەقامگیریی لەو وڵاتە، ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات. چونکە پشتیوانیی ئەمەریکا، پێویستیی دەستوەردانی ئیسرائیل لە باشووری سووریا، ناهێڵێت."

تەریف، لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ئێمە هیوادارین حکوومەتی ئەمەریکا و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، گەرەنتیی پاراستنی مافی هەموو کەمینەکان لە سووریا بکەن، مافی کەمینەکان زامن بکەن و ڕێگە نەدەن جارێکی تر، کۆمەڵکوژی دژی کەمینەکان بکرێت.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوو، پاش چاوپێکەوتنی لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، بەڵێنی دا هەموو یارمەتییەکی سووریا بدات بۆ زاڵبوون بەسەر گرفت و قەیرانەکانیدا.

لە مانگی تەمووزی ڕابردوو، پێکدادان لە نێوان دروزەکان و بەدەوەییەکان لە سووەیدا سەری هەڵدا، پاشان هێزەکانی حکوومەتی سووریا، کە بۆ گەڕاندنەوەی ئارامی نێردرابوون، زۆر بە توندی بەرەنگاری چەکدارە دروزەکان بوونەوە و ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتیی دروز، بەبێ دادگایی کوژران و ماڵ و سامانیان بە تاڵان برا.

ڕووبەڕووبوونەوەکان، بوونە هۆی ئاوارەبوونی دەیان هەزار کەس لە هەردوو لا و کۆتاییان بە بوونی بەدەوەییەکان لە زۆربەی ناوچەکانی پارێزگای سووەیدا، هێنا.

لە وەڵامی پرسیارێکدا دەربارەی پێشنیازەکانی حیکمەت هیجری، گەورە ڕێبەری ئایینیی دروزەکان، بۆ جیابوونەوەی پارێزگای سووەیدا لە سووریا، تەریف هەڵوێستێکی جیاوازی نواند و جەختی کردەوە لەسەر پێویستیی پێدانی ئۆتۆنۆمی، یان جۆرێک لە بەڕێوەبردنی ناوخۆیی بە پارێزگاکە لە چوارچێوەی دەوڵەتی سووریادا، وەک ئامرازێک بۆ پاراستنی کەمینەکان و مافەکانیان؛ بۆ ئەوەش ئاماژەی بە سیستەمی فیدراڵی کرد کە لە سویسرا و ئەڵمانیا پەیڕەو دەکرێت.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل