وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو: بەهۆی بارانەوە زیاتر لە 700 ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلدراوەتەوە
وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق ئاشکرای کرد، شەپۆلە بارانەکەی چەند ڕۆژی ڕابردوو، بووەتە هۆی بوژاندنەوەی بەنداو و کۆگا ئاوییەکانی وڵات و تەنیا لەم ماوەیەدا زیاتر لە 700 ملیۆن مەتر سێجا ئاو گلدراوەتەوە.
وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 11ـی کانوونی یەکەمی 2025، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، دوای ماوەیەکی درێژ لە وشکەساڵی، توانراوە سوودێکی باش لە داهاتی ئاوی باران و لافاوەکان وەربگیرێت، ئاماژەی بەوەشداوە، یەکێک لە دەستکەوتە گرنگەکان، ناردنی زیاتر لە 200 ملیۆن مەتر سێجا ئاو بووە بۆ "دەریاچەی سەرسار"، کە ماوەی چەند وەرزێک ئاوی بۆ نەنێردرابوو.
سەبارەت بە کاریگەرییە ژینگەییەکان، وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە داوە، بەشێک لەم ئاوانە بۆ بووژاندنەوەی زۆنگاوەکان باشترکردنی ژینگەی شەتولعەرەب بەکارهێنراون، بەتایبەت بۆ ڕێگریکردن لە هاتنی خوێ بۆ ناو ئاوی شەتولعەرەب. هەروەها دڵنیایی داوە لە دابینکردنی ئاوی پێویست بۆ وەرزی کشتوکاڵی زستانە لە زۆربەی پارێزگاکان.
وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو هۆشداریش دەداتە هاووڵاتیان کە باوەڕ بەو ژمارە نادروستانە نەکەن کە لە سۆشیال میدیا بڵاو دەکرێنەوە و تەنیا پشت بە ئامارە فەرمییەکان ببەستن.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، هەرچەندە ئەم بڕە ئاوە قەرەبووی ئەو هەموو ساڵەی وشکەساڵی ناکاتەوە، بەڵام یارمەتیدەر بووە لەوەی فشار لەسەر بەنداوەکان کەمبکرێتەوە و ئاوی کەمتر بەردەنەوە، پێشبینیش دەکرێت ژمارەکان زیاتر بەرز ببنەوە چونکە هێشتا کاریگەریی شەپۆلی بارانەکە کۆتایی نەهاتووە.
