تۆڕی پزیشکانی سوودان: هێزەکانی پشتیوانی خێرا 19 هەزار کەسیان خستووەتە زیندانەکانەوە
تۆڕی پزیشکانی سوودان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە، هێزەکانی پشتیوانی خێرا 19 هەزار کەسیان لە زیندانەکانی دارفۆر دەستبەسەر کردووە و لە بارودۆخێکی مرۆیی زۆر سەخت و دژواردان.
بەپێی زانیارییەکان کە تیمەکانی ئەو تۆڕە لە شاری "نیالا"وە دەستیان کەوتووە، دۆخی زیندانیانی هەردوو زیندانی "گرێس و کۆبەر" لە هەرێمی دارفۆر، کە بە گەورەترین ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی زۆرەملێ دادەنرێن، لەمەترسیدایە و 19 هەزار کەسی تێدایە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە کۆی ئەو دەستبەسەرکراوانەدا پینج هەزاریان هاووڵاتی مەدەنین و 13 کەسیشیان کارمەندی پزیشکین، ئاماژەی بەوەشداوە، هەڵمەتی دەستگیرکردنەکان تەنیا هێزە ئەمنییەکانی نەگرتووەتەوە، بەڵکو بازرگانان، سیاسەتمەداران، ڕۆژنامەنووسان و سەرمایەدارانیشی گرتووەتەوە.
تۆڕی پزیشکانی سوودان هۆشداریدا لەوەی ژینگەی ناو زیندانەکان بە تەواوی تێکچووە؛ بەهۆی قەرەباڵغی زۆر و نەبوونی چاودێری پزیشکییەوە نەخۆشییە گوازراوەکان بڵاوبوونەتەوە و ئەمەش ڕێژەی گیانلەدەستدانی لەنێو زیندانییەکاندا بەرزکردووەتەوە.
هێزەکانی پشتیوانی خێرا تۆمەتبارن بەوەی دوای کشانەوەیان لە ناوچەکانی خەرتووم، جەزیرە و سنار، ژمارەیەکی زۆر لە دیلەکانیان گواستووەتەوە بۆ دارفۆر و لە دۆخێکدا دەستبەسەریان کردوون کە هیچ مەرجێکی مرۆیی تێدا نییە.
لە 15ـی نیسانی 2023، شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان هێزەکانی پشتیوانی خێرا و سوپای سوودان سەریهەڵدا و تاوەکو ئیستا بەردەوامە، بەهۆی شەڕەکەوە دەیان هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە هەشت ملیۆن کەسیش ئاوارەی دەرەوە و ناوخۆی وڵات بوونە.
