بازاڕێکی بەناوبانگی ڕووسیا سووتا

ئاگرێکی گەورە  لە بازاڕی بەناوبانگی 'پراڤۆبێرێژنی' شاری سەنت پیتەرسبۆرگی ڕووسیا کەوتەوە و لە ئەنجامدا بازاڕەکە بە تەواوەتی سووتا و وێران بوو.

پێنجشەممە، 11ـی کانوونی یەکەم 2025، وەزارەتی فریاگوزاریی ڕووسیا، لە ڕاگەیەنراوێکدا بڵاوی کردەوە "ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، ئاگر لە بازاڕی بەناوبانگی 'پراڤۆبێرێژنی' شاری سەنت پێتەرسبۆرگ کەوتەوە و جگە لە سووتان و وێرانبوونی سەرلەبەری بازاڕەکە، کەسێکیش گیانی لەدەست داوە و کەسێکی دیکەش بەسەختی بریندار بووە."

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکەی وەزارەتی فریاگوزاریی ڕووسیا، سیستەمی ئاگەدارکردنەوەی بازاڕەکە، ماوەیەکە لەکار کەوتووە. هەروا تەرمی پیاوێک لە ژێر داروپەردووی بازاڕەکەدا دۆزراوەتەوە.

 لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە "جگە لە تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، تاقیگەیەکەی گەڕۆکی کیمیایی و تێشکە زیانبەخشەکانیش پشکنین بۆ ئەگەری بڵاوبوونەوەی ماددە زیانبەخشەکان لە دەوروبەری بازاڕەکە دەکەن."

شایەتحاڵان، دەڵێن: ئاگرەکە کاتژمێری پێنجی ئێوارە کەوتەوە و لە ماوەیەکی زۆر کورتدا، سەرانسەری بازاڕەکەی گرتەوە.

لیژنەی لێکۆڵینەوەی پۆلیس، پشکدارانی بازاڕەکە بە پشتگوێخستنی مەرجەکانی سەلامەتی لە بازاڕەکەدا تۆمەتبار دەکەن.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل