ئیسرائیل بە نیازی دامەزراندنی وێستگەیەکی دیکەی ئەتۆمە
وەزیری وزەی ئیسرائیل ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی بە وردی و جددییەوە بیر لە دامەزراندنی وێستگەیەکی ئەتۆمی دەکاتەوە. ڕاشیگەیاند، لەم نزیکانە ڕێککەوتنی هەناردەکردنی گازی سروشتی بۆ میسر واژۆ دەکرێت کە بەهاکەی 35 ملیار دۆلارە.
ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرۆنۆت ئەمڕۆ پێنجشەممە 11ی کانوونی یەکەمی 2025، لە زاری ئیلی کۆهین، وەزیری وزەی ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە، بە جددییەوە لێکۆڵینەوە لە دامەزراندنی وێستگەیەکی وزەی ئەتۆمی دەکەنەوە، بۆ ئەمەش تیمێکی تایبەتمەندیان لە پسپۆران پێکهێناوە، بۆ ئەوەی بنەما ستراتیژییە نیشتمانییەکانی وزەی ئەتۆم ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا زیاتر بکەن.
هەروەها ئاماژەیداوە، ساڵانە بڕی بەکارهێنانی کارەبا لە ئیسرائیل بە ڕێژەی 3.7% زیاد دەکات، جیا لەمەش لە ماوەی 20 ساڵدا ئەم ڕێژەیە دوو هێندە زیاتر دەبێت.
لە بارەی دواکەوتنی ڕێککەوتنی هەناردەکردنی گازی سروشتی بۆ میسر، کە بەهاکەی 35 ملیار دۆلارە، وەزیری وزەی ئیسرائیل وەڵامی داوەتەوە و ئاماژەیداوە، دانوستان و گفتوگۆکان لەگەڵ حکوومەتی میسر و لە نێوان کۆمپانیاکانی وزەی هەردوو وڵات هەر بەردەوامن، هیچ هەنگاوێک هەڵنەپەسێردراوە، بەڵکو خاڵە ناکۆکەکان زۆر کەمبوونەوەتەوە و لە چەند هەفتەی داهاتوودا واژۆ دەکرێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئیسرائیل تاوەکوو سی ساڵی دیکە بۆ هەناردەکردن و بۆ پێویستی ناوخۆیی، گازی پێویستی هەیە و تووشی هیچ گرفتێک نابێت، هەربۆیە ڕێککەوتن لە هەناردەکردنی گازی سروشتی بۆ میسر لەلایەن حکوومەتەکەی بنیامین ناتانیاهۆوە هیچ کێشەیەکی بۆ دروست نەکراوە.
لە 7ی ئابی ئەمساڵدا، کۆمپانیای نیو مێد ئینێرجی بە مەبەستی هەناردەکردنی گازی کێڵگەی لیفیاتان بۆ میسر، ڕێککەوتنێکی نوێی لەگەڵ حکوومەتی قاهیرە واژۆکرد کە بەهای ڕێککەوتنەکە 35 ملیار دۆلارە و دەبێت تاوەکوو 2040، ئیسرائیل 130 ملیار مەتر سێجا گاز هەناردەی میسر بکات، ئەم ڕێککەوتنەش درێژکراوەی ڕێککەوتنی ساڵی 2019ـەیە بۆ هەناردەی 60 ملیار مەتر سێجای گاز.
وەبەرهێنانی گازی سروشتی ئیسرائیل بۆ ساڵی 2014 دەگەڕێتەوە و 10 کێڵگەی بەرهەمهێنانی هەیە، کە بەشێکیان دەکەونە دەریای سپی ناوەڕاست و توانای گشتیی بەرهەمهێنانی ساڵانەشی 7.5 بلیۆن مەتر سێجایە، بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕووپێوکاری ساڵی 2016، یەدەگی گازی سروشتی ئیسرائیل بە 199 بلیۆن مەتر سێجا مەزندە دەکرێت.
ئیسرائیل ئێستا خاوەنی وێستگەی ئەتۆمی دیمۆنایە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، کە لە ساڵی 1958ـەوە بنیادنراوە، بەڵام لە ساڵانی 1962 بۆ 1964 وێستگەکە بە ئاوی قورس خراوەتە کار و ئێستاش جیا لەوەی ناوەندێکی سەرەکی بەرهەمهێنانی کارەبایە، بووەتە سەنتەری توێژینەوە و لێکۆڵینەوە لە بواری زانستی ئەتۆمی.
وێستگەی دیمۆنا بە دووری 13 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری شاری دیمۆنا لە دەشتی نەقەب.
