بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی: کارکردن لە پاسپۆرتی چەمچەماڵ ڕاگیراوە؛ هاووڵاتییان دەتوانن سەردانی سلێمانی بکەن

بەڕێوەبەری گشتیی پاسپۆرتی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی ئەو زیانانەی بەر نووسینگەی پاسپۆرتی چەمچەماڵ کەوتوون، کارکردن تێیدا ڕاگیراوە و کردنەوەی دەچێتە ساڵی نوێوە.

پێنجشەممە 11ی کانوونی یەکەمی 2025، عەمید سالار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی پاسپۆرتی سلێمانی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، فەرمانگەی پاسپۆرتی چەمچەماڵ یەکێکە لەو فەرمانگانەی زۆرترین زیانی بەرکەوتووە و بەو هۆیەوە سیستەم و هێڵی پەیوەندییان لەگەڵ بەغدا پچڕاوە.

عەمید سالار ئاماژەی بەوە دا، دانیشتووانی سنووری چەمچەماڵ دەتوانن بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانیان سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی پاسپۆرتی سلێمانی بکەن و تەنیا کارتی زانیارییەکانیان پێ بێت وەک سەلماندنی شوێنی نیشتەجێبوون، کارئاسانییان بۆ دەکرێت و کاریان بۆ ئەنجام دەدرێت تا ئەو کاتەی فەرمانگەکەی خۆیان دەکرێتەوە.

سەبارەت بە وادەی کردنەوەی پاسپۆرتی چەمچەماڵ، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی ڕوونی کردەوە، کەلوپەل و ئامێرەکانیان تێکچوون و پێویستیان بە چاککردنەوە و گۆڕین هەیە، هەروەها دەبێت هێڵی پەیوەندی لەگەڵ بەغدا چاک بکرێتەوە، ئەمەش چەند ڕۆژێکی پێویستە.

گوتیشی: بەهۆی ئەوەی چەند ڕۆژێکی کەممان ماوە بۆ پشووەکانی سەری ساڵ کە لە عێراق و هەرێمی کوردستان 10 ڕۆژ پشووە، بۆیە بەتێکڕا دەستپێکردنەوەی دەوام و کارکردن لە فەرمانگەی پاسپۆرتی چەمچەماڵ دەکەوێتە مانگی یەکی ساڵی 2026.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل