دەزگای خێرخوازیی بارزانی هاوکارییەکانی دەگەیەنێتە چەمچەماڵ

لە نێو دڵەڕاوکێی کارەسات و وێرانکارییەکانی سروشتدا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەک هەمیشە بووەتە چەترێک بۆ پاراستنی لێقەوماوان و هەڵمەتێکی بەرفراوانی بۆ ساڕێژکردنی برینەکانی چەمچەماڵ و دەوروبەری دەست پێ کردووە.

 لەم پرۆسەیەدا، تیمەکانی دەزگا بە پلانێکی تۆکمە و بە سێ قۆناغی جیاواز، لە پاککردنەوەی ماڵەکانەوە تا دابینکردنی گەرمی و خۆراک، هەوڵی گەڕاندنەوەی ژیان و هیوا دەدەن بۆ ئەو خێزانانەی لافاو تەنگی پێ هەڵچنیون.

زستانێکی سەخت و سروشتێکی تووڕە
شارۆچکەی چەمچەماڵ و ناحیەکانی دەوروبەری، بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و ژێرخانەکەیانەوە، لەم دواییانەدا ڕووبەڕووی شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین بوونەوە کە بووە هۆی دروستبوونی لافاوێکی زیانبەخش، لافاوەکە بەخوڕ چووە نێو ماڵ و حەوشەی دانیشتووان، بەتایبەت لە ناوچەکانی تەکێ و شۆڕش، کە بووە هۆی تێکدانی کەلوپەلی ناوماڵ و دروستبوونی قوڕ و لیتاییەکی زۆر، ئەم دۆخە لە کاتێکدایە کە وەرزی سەرما دەستی پێ کردووە و مانەوە لە ماڵە تەڕ و ساردەکاندا ئەستەمە، بۆیە پێویستی بە دەستوەردانێکی خێرا و مرۆیی هەبوو بۆ ڕزگارکردنی دانیشتووان لەو دۆخە ناهەمووارە.

سەرەتای بەهاناوەچوونەکە
قۆناغی یەکەمی ئەم هەڵمەتە مرۆییە بە کردارێکی مەیدانی دەستی پێ کرد، تێیدا تیمەکان شانیان دایە بەر پاککردنەوەی ئەو پاشماوە و قوڕ و لیتاەیەی کە لافاوەکە ڕەوانەی نێو ماڵەکانی کردبوو، دوای پاککردنەوەی ژینگەی ژیانی خێزانەکان، قۆناغی دووەم دەستی پێ کرد کە بریتییە لە دابینکردنی ئاسایشی خۆراک. ڕۆژانە چەندین ژەمە خۆراکی گەرم ئامادە دەکرێت و بەسەر خێزانە زیانلێکەوتووەکاندا دابەش دەکرێت، تاوەکو لەم دۆخە کاتیشدا هەست بە تەنیایی نەکەن و دڵنیا بن لە بوونی پشتیوانی.

گەڕاندنەوەی گەرمی و ئاسوودەیی بۆ ماڵەکان
بەپێی زانیارییەکانی رێبوار محێدین، به‌رپرسی نووسینگه‌ی كه‌ركووکی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی، پلانەکە تەنها لە پاککردنەوە و خۆراکدا قەتیس نابێت، بەڵکو قۆناغی سێیەم و کۆتایی گرنگترین بەشی پرۆسەکەیە، دوای ئەوەی تیمەکان لە ڕێگەی ساوپێچ (سەرژمێری) و بەدواداچوونەوە قەبارەی زیانەکانیان تۆمار کرد، دەست دەکەن بە قەرەبووکردنەوەی ماددی خێزانەکان، ئەم قۆناغە دابەشکردنی کەلوپەلی سەرەکیی ناوماڵ، دۆشەک، بەتانی، سۆپا و سووتەمەنی لەخۆ دەگرێت، وەک هەوڵێک بۆ ئەوەی خێزانەکان بتوانن لە کەشێکی گەرم و ئارامدا درێژە بە ژیانی ئاسایی خۆیان بدەنەوە.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل