بەفر و باران لە 48 کاتژمێری داهاتوو دادەبارن

لەگەڵ هاتنی ناوەڕاستی مانگی 12، شەپۆلێکی نوێی ناسەقاگیری کەشوهەوا ڕووی لە ناوچەکە کردووە، بە جۆرێک بارانی مامناوەند تەپوتۆز شارەکان دادەپۆشێت و بەفریش بۆ یەکەمجار لەم وەرزەدا بە چڕی شاخە بەرزەکان و ناوچە سنوورییەکان سپی دەکات، ئەمەش دەستپێکی هاتنی وەرزی زستانە لە هەرێمی کوردستان.
نیوەی دووەمی مانگی 12 هەمیشە وەک دەروازەیەک بۆ هاتنە ناوەوەی سەرمای بەهێز و گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە کەشوهەوادا ناسراوە،لەم کاتەدا، جوگرافیای هەرێمی کوردستان دەبێتە مەیدانی یەکگرتنی نزمەپاڵەپەستۆکان، کە تێیدا هەورەکان ئاسمانی شین داگیر دەکەن و زەوی تینوو بە ئاوی باران تێر دەکەن.

 ئەم شەپۆلە بۆ جووتیاران و ژینگەی کوردستان بایەخێکی زۆری هەیە، چونکە ئاستی ئاوی ژێرزەوی دەوڵەمەند دەکات و دیمەنێکی سیحراوی بە ناوچە شاخاوییەکان دەبەخشێت کە ساڵانە گەشتیاران چاوەڕوانی دەکەن.


بەپێی پێشبینییەکان بۆ ئەمڕۆ هەینی 12-12-2025، ئاسمانی شارەکان بە تەواوی بو هەور دادەپۆشرێت. دۆخەکە تەنیا لە هەوردا قەتیس نابێت، بەڵکو نمەباران و بارانی مامناوەند بە شێوەی پچڕپچڕ زۆربەی ناوچەکان دەگرێتەوە،  لە ناوچە شاخاوییە بەرزەکان و سنوورەکان، دیمەنەکە جیاوازتر دەبێت و بەفر دەبارێت، هاوکات لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانەدا، پلەکانی گەرما بە بەراورد بە ڕۆژانی ڕابردوو 1 بۆ 2 پلە دادەبەزن، خێرایی با لە نێوان 10 بۆ 20 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا دەبێت و مەودای بینینیش بۆ 6 تا 8 کیلۆمەتر کەم دەبێتەوە.
کاریگەرییەکانی ئەم ناسەقاگیرییە بۆ سبەی شەممە 13-12-2025 درێژەی دەبێتەوە، سەرەتا ئاسمان هەور دەبێت و بارانبارین لە زۆربەی ناوچەکان بەردەوام دەبێت، هاوکات بەفر لە ناوچە سنوورییەکان دەبارێت، بەڵام ئەم شەپۆلی باران و بەفرە درێژ نابێت و پێشبینی دەکرێت لە شەودا کۆتایی پێ بێت ،  پلەکانی گەرما لە ئاستێکی نزمدا دەمێننەوە و بای باشووری خۆرهەڵات بەردەوام دەبێت و ئاسمان نیمچە هەور دەبێت.

بەپێی زانیارییەکانی کەشناسی، سۆران ساردترین و گەرمیان گەرمترین ناوچەی کوردستان دەبێت، بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراویش بۆ سبەی شەممە بەم شێوەیە دەبێت:
هەولێر: 13 پلە
سلێمانی: 13 پلە
دهۆک: 14 پلە
زاخۆ: 14 پلە
کەرکوک: 15 پلە
هەڵەبجە: 13 پلە
سۆران: 8 پلە (نزمترین پلە)
ئاکرێ: 13 پلە
ئامێدی: 10 پلە
گەرمیان: 15 پلە

 

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل