لە سلێمانییەوە 12 بارهەڵگر کۆمەک و دەیان ملیۆن دینار بۆ چەمچەماڵ کۆکرایەوە
هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ لە مۆزەخانەی نیشتمانیی ئەمنەسوورەکە کۆتایی هات و ڕاگەیەندرا کە دەیان ملیۆن دینار و بڕێکی زۆر کەلوپەل کۆکراوەتەوە.
نادر عەلی، مامۆستای ئایینی و ئەندامی هەڵمەتەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەنجامی کۆتایی هەڵمەتەکەی خستەڕوو و ڕایگەیاند: "بە سوپاسەوە خێرخوازان بەدەم بانگەوازەکەمانەوە هاتن و توانرا بڕی 53 ملیۆن دیناری عێراقی، هەشت هەزار و 600 دۆلار و 500 یۆرۆ وەک پارەی نەقد کۆبکرێتەوە."
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە جگە لە پارە، 12 بارهەڵگر کەلوپەلی پێویست کە پێکهاتوون لە خۆراک، پۆشاک و گەرمکەرەوە ئامادە کراون بۆ ئەوەی ڕەوانەی خێزانە زیانلێکەوتووەکان بکرێن.
لەلایەکی دیکەوە و دوای هێوربوونەوەی دۆخەکە، ڕێکخراو و دەزگا خێرخوازییەکان بەردەوامن لە گەیاندنی هاوکاری. دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەک یەکەم دەزگا گەیشتە شوێنی ڕووداوەکە و بە هانای لێقەوماوانەوە چوو، هاوکات ڕێکخراوی کوردستان فاوەندەیشن جگە لە پاککردنەوەی قوتابخانەی 'قەندیل' لە چەمچەماڵ، ئەرکی نۆژەنکردنەوەی بیناکە و دابینکردنی تەواوی پێداویستییەکانی خوێندنی لە ئەستۆ گرتووە.
