ئێران دەستی بەسەر کەشتییەکی نەوتهەڵگردا گرت

سەرۆکی گشتیی دادگەی هورمزگان، دەست بەسەردا گرتنی کەشتییەکی نەوتهەڵگر کە شەش ملیۆن لیتر سووتەمەنی قاچاخی هەڵگرتبوو، لە دەریای عومان ڕاگەیاند.

شەممە، 13 کانونی یەکەم، 2025، موجتەبا قارەمانیی، سەرۆکی گشتیی دادگەی هورمزگان، بە ئاژانسی هەواڵی 'تەسنیم'ی ڕاگەیاند "کەشتییەکی نەوتهەڵگری بیانیی، کە سووتەمەنی قاچاخی هەڵگربوو، لە دەریای عومان لە لایەن هێزی دەریایی وڵاتەکەمانەوە دەستی بەسەردا گیرا."

قارەمانی، ناو و خاوەندارییەتی کەشتییەکی ڕانەگەیاند. 

سەرۆکی گشتیی دادگەی هورمزگان، گوتی: دۆسییەی کەشتییە دەست بەسەردا گیراوەکە دراوەتە دادگەی گشتیی شارۆچکەی جاسک و لەوێ لێکۆڵینەوەی دەربارە دەکرێت.

قارەمانی گوتیشی: 18 کەس لە کارمەندان، لە نێویاندا کاپتنی کەشتییەکە، دەستگیر کراون و تۆمەتی بە قاچاخبردنی سووتەمەنی، گوێ نەدان بە هۆشدارییەکانی هێزی دەریایی ئێران، نەبوونی بەڵگەنامەی فەرمیی و کوژاندنەوەی ڕاداری کەشتییەکەیان دراوەتە پاڵ.

سەرۆکی گشتیی دادگەی هورمزگان، جەختی لەوە کردەوە " ئێمە بەرانبەر بە قاچاخچییانی نەوت، هیچ نەرمییەک نانوێنین و بە توندی بەرەنگاری تۆڕەکانی مافیای قاچاخی نەوت دەبینەوە."

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل