پەیامنێری کوردستان24: لێڵبوونی ئاوی زێی بچووک کێشەی بۆ پڕۆژەکانی ئاو دروست کردووە
لە ئەنجامی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، لە چەندین ناوچە لافاو دروست بووە و زیانی گیانی و ماددی لێکەوتووەتەوە. هاوکات، بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی زێی بچووک و لێڵبوونی، هاووڵاتییانی چەندان شار و شارۆچکە لە ئاوی خواردنەوە بێ بەش بوون.
ئاراس ئەمین، پەیامنێری کوردستان24 ڕایگەیاند، "ئەو شەپۆلە بارانبارینەی ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، زیانی ماددی و گیانی لێکەوتووەتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا کاریگەری ئەرێنی لەسەر ئاستی ئاوی ژێر زەوی و بەنداوەکان هەبووە. ساڵی ڕابردوو ساڵێکی وشک بوو، ئەگەر ئەم شەپۆلی بارانبارینە نەبووایە، کارەساتێکی مرۆیی گەورەتر ڕووی دەدا".
پەیامنێری کوردستان24 باسی لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی شەپۆلەکە کرد و ئاماژەی بەوە دا، ئاستی لێڵی ئاوی زێی بچووک لە هەندێک ناوچە گەیشتووەتە سەرووی 1000 (NTU)، لە کاتێکدا دەبێت لە 5 (NTU) کەمتر بێت بۆ ئەوەی بۆ خواردنەوە بشێت. ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی پڕۆژەکانی ئاو لە قەڵادزێ، دوکان، تەقتەق و کۆیە توانای پاڵاوتنی ئاویان نەبێت.
پەیامنێری کوردستان24 ڕوونیشی کردەوە، بەهۆی بارانبارینی بەردەوام و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو، کێشە بۆ پڕۆژەکانی ئاوی خواردنەوە کە سەرچاوەکەیان زێی بچووکە، دروست بووە. بۆ نموونە، بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی ئاوی قەڵادزێ، بۆ ماوەی 4 ڕۆژە نەیتوانیوە ئاو بۆ دانیشتووانی شارۆچکەکە دابین بکات.
بەرپرسانی ئیداری ناوچەکە کە بۆ پەیامنێری کوردستان24 قسەیان کردووە، جەخت لەوە دەکەنەوە، هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاوی خواردنەوە و یارمەتیدانی ئەو هاووڵاتیانەی زیانیان بەرکەوتووە؛ بەردەوامە.
بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، ئەم شەپۆلی بارانبارینە تا درەنگانی شەوی یەکشەممە، 14ـی کانوونی یەکەم، بەردەوام دەبێت.
