گەنجینەی ئەمەریکا بەدواداچوون بۆ سپیکردنەوەی پارەی قاچاخی نەوت لە "بانکی بەغدا" دەکات
بەپێی زانیارییەکانی ڕوانگەی ئیکۆ عێراق، بانکی ناوەندیی عێراق نامەیەکی ئەلیکترۆنی لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکاوە پێگەیشتووە، نامەکە کە لەلایەن "نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەرمایە بیانییەکان" (OFAC)ـەوە نێردراوە، داوای ڕوونکردنەوە دەکات سەبارەت بە بوونی جموجۆڵی دارایی گوماناوی لە "بانکی بەغدا" کە پەیوەستن بە داهاتی قاچاخچیەتی نەوتی عێراقەوە.
بەپێی سەرچاوەکە، نامەکەی OFAC وردەکاری مەترسیداری تێدایە و ئاشکرای کردووە، ژمارەیەک لەو کەسانەی بە تۆمەتی قاچاخچیەتی نەوت داواکراون، بڕە پارەیەکی زۆریان لە "بانکی بەغدا" داناوە، بەگوێرەی زانیارییەکان بەشێک لە فەرمانبەران و ئیدارەی ناوخۆی بانکەکە خۆیان ئاسانکارییان کردووە بۆ پرۆسەی دانانی پارەکە و ئەنجامدانی "سپیکردنەوەی پارە."
ڕوانگەی ئیکۆ عێراق ڕایگەیاندووە، ئەم جۆرە حاڵەتانە پێویستیان بە بانگهێشتکردنی بەڕێوەبەری ڕێگەپێدراوی بانکەکە هەیە، بە ئامادەبوونی ئەو کۆمپانیا ئەمەریکییەی گرێبەستی لەگەڵ کراوە بۆ وردبینی جوڵەی پارە، ئەمەش بە مەبەستی دڵنیابوونەوە لە ڕێڕەوی حەواڵەکان و سپاردە گوماناوییەکان.
شارەزایان هۆشداری دەدەن، ئەم ئاگادارکردنەوەیەی ئەمەریکا نیشانەیەکی ترسناکە بۆ لاوازی سیستەمی چاودێری و پابەندبوون لە بانکە عێراقیەکاندا، هەروەها جەخت دەکەنەوە، دەبێت بانکەکان، بەتایبەت ئەوانەی مامەڵە بە دۆلارەوە دەکەن، پابەندی پێوەرەکانی دژە سپیکردنەوەی پارە بن، چونکە دۆسیەی قاچاخچیەتی نەوت و سپیکردنەوەی پارە لای ئیدارەی ئەمەریکا هێڵی سوورە.
