سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا داوای هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر سەرۆکی جەهەپە دەکات

ئۆزگور ئۆزێل، سەرۆکی گشتیی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)
ئۆزگور ئۆزێل، سەرۆکی گشتیی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)

سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا داوای هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر سەرۆکی جەهەپە و و شەش پەرلەمانتاری ئۆپۆزسیۆن دەکات. 

سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، لەسەر داوای وەزارەتی داد، دۆسیەی هەڵگرتنی پارێزبەندیی پەرلەمانی بۆ  ئۆزگور ئۆزێل، سەرۆکی گشتیی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، لەگەڵ شەش پەرلەمانتاری دیکەی ئۆپۆزسیۆن ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی تورکیا کرد.

جگە لە ئۆزگور ئۆزێل، هەوڵی هەڵگرتنی پارێزبەندی جێگری سەرۆکی گشتیی جەهەپە عەلی ماهیر باشاریر، سێ پەرلەمانتاری دیکەی هەمان پارت و دوو پەرلەمانتاری "ئی پارتی"ـش دەگرێتەوە.

هەوڵی هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ئۆزگور ئۆزێل و پەرلەمانتارانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن لە کاتێکدایە گرژیی سیاسی لە تورکیا ڕووی لە زیادبوون کردووە. لە ماوەی ڕابردوودا، ئۆزگور ئۆزێل وەک سەرۆکی نوێی جەهەپە، گوتاری سیاسیی توندی دژی حکوومەتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) و سەرۆک کۆمار ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بەکارهێناوە.

لەم دواییانەدا و لە مانگی تشرینی دووەمی 2025، داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ دۆسیەیەکی لێکۆڵینەوەی لە دژی ئۆزگور ئۆزێل بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە سەرۆک کۆمار" کردەوە. ئەم تۆمەتە زۆرجار وەک فشارێکی سیاسی دژی کەسایەتییە ئۆپۆزسیۆنەکان بەکاردەهێنرێت. ئۆزێل هەروەها جەختی لە بوونی پرسی کورد لە تورکیا کردووەتەوە و داوای چارەسەری ئاشتییانە و دیموکراتییانەی لە پەرلەماندا کردووە.

ئۆزگور ئۆزێل لە تشرینی دووەمی 2023، دوای 13 ساڵ سەرۆکایەتیی کەمال کڵچدارئۆغڵو، وەک سەرۆکی گشتیی جەهەپە هەڵبژێردرا. ئەم گۆڕانکارییە وەک سەرەتایەکی نوێ بۆ گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا سەیر دەکرا. هەڵگرتنی پارێزبەندی ڕێگە خۆش دەکات بۆ ئەوەی پەرلەمانتاران ڕووبەڕووی دادگاییکردن ببنەوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل