ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بڕیارێکی نوێ بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغی زیندانەکان دەردەکات

ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، لە ڕێگەی سەرۆکایەتی داواکاری گشتییەوە، ڕێنمایی سەرجەم دادگاکانی کردووە کار بۆ کەمکردنەوەی حاڵەتەکانی ڕاگرتن (تەوقیف) و زیندانیکردن بکەن، هەروەها پشت بە جێگرەوە یاساییەکان ببەستن لە هەرکاتێکدا کە گونجاو بێت، ئەمەش بە ئامانجی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی گرتووخانە و بنکەکانی ڕاگرتنی سەر بە هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و دادە.

بەگوێرەی نووسراوی فەرمی کە لەلایەن سەرۆکایەتی داواکاری گشتییەوە دەرچووە، ئەم ڕێنماییە لەسەر بنەمای دەرئەنجامەکانی کۆبوونەوەیەکی فەرمی هاتووە، کە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی وەزارەتەکانی ناوخۆ، داد و تەندروستی و بە ڕەزامەندی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری ئەنجامدراوە. نووسراوەکە ژمارەیەک ڕێوشوێنی لەخۆگرتووە، دیارترینیان بریتییە لە پەنانەبردن بۆ ڕاگرتنی داواکراوان جگە لەو حاڵەتە ناچارییانەی کە یاسا سەپاندوونی، لەگەڵ ڕەچاوکردنی بارودۆخی دۆسیەکە و تاوانەکە و کەسایەتی تۆمەتبار.

هەروەها لە نووسراوەکەدا جەختکراوەتەوە، پێویستە ماوەی ڕاگرتن کورت بێت و تەنیا لە سنووری پێداویستییەکانی لێکۆڵینەوەدا بێت، هەروەها خێراکردن لە ئازادکردنی تۆمەتباران بە کەفالەت لە هەر کاتێکدا کە لە ڕووی یاساییەوە ڕێگەپێدراو بێت، بە جۆرێک کە لەگەڵ سروشتی تاوانەکە و بارودۆخی تۆمەتبار بگونجێت و مسۆگەرکردنی ئامادەبوونی لە بەردەم لایەنە دادوەرییەکان لە کاتی داواکردندا.

لە ڕێنماییەکەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، جەخت لەسەر پەسەندکردنی سزای پێبژاردن (غەرامە) کراوەتەوە، لە بری ڕاگرتن یان زیندانیکردن لە کاتی بوونی دەقی یاسایی.

ئەم نووسراوە لە چوارچێوەی سیاسەتە دادوەرییەکاندا دێت کە ئامانجیان بەدەستهێنانی هاوسەنگییە لە نێوان جێبەجێکردنی یاسا و پاراستنی مافەکان، و چارەسەرکردنی کێشە کردەییەکانی پەیوەست بە قەرەباڵغی ناو ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل