سروە ڕەسووڵ: سبەی هاوکارییەکان دەگەیەنینە زیانلێکەوتووەکانی لافاوەکەی کەرکووک
بەڕێوەبەری ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان ئاماژەی بەوە دا، تیمەکانیان لە سەرەتای دروستبوونی لافاوەکەوە لە مەیدانەکەدان و بڕیاریشیانداوە لە سبەینێوە هاوکاری تەواوی زیانلێکەوتووان بکەن.
شەممە 13ی کانوونی یەکەمی 2025، سروە ڕەسووڵ، بەڕێوەبەری ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان (JCC) لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانەی بەسەرکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی شاری کەرکووک ڕایگەیاند، تیمەکانیان لە یەکەم ڕۆژی کارەساتەکەوە شانبەشانی خێزانەکان بوون بۆ پاککردنەوەی ماڵەکان و هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی دۆخی ئاسایی بۆ ژیانیان.
لە سەردانەکەیدا بۆ کەرکووک، سروە ڕەسووڵ جگە لە گەڕەکی شۆراو، ژمارەیەک گەڕەکی دیکەی هەژارنشینی بە سەرکردەوە کە دانیشتووانەکەی تێکەڵەیەک بوون لە کورد، تورکمان و عەرەب و سەرجەمیان بەهۆی لافاوەکەوە تووشی زیانی ماددی بوون. ناوبراو دۆخی گوزەرانی ئەو خێزانانەی بە زۆر خراپ وەسف کرد.
سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتوویان، سروە ڕەسووڵ ڕوونیکردەوە تێبینییان کردووە هاوکارییەکان تا ئێستا تەنیا لە سەبەتەی خۆراکدا سنووردار بووە، کە ئەوەش بەس نییە بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانیان.
باسی لەوەش کرد، بڕیارمانداوە لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکانەوە لە شاری کەرکووک، لە سبەینێوە دەست بکەین بە دابەشکردنی هاوکارییەکان بەسەر سەرجەم ئەو خێزانانەی کە زیانیان بەرکەوتووە.
