کەشناسیی هەرێم: سبەی ئێوارە شەپۆلی بارانبارین کۆتایی دێت و پلەکانی گەرما بەرز دەبنەوە
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتی پێشبینییەکانی کەشوهەوای بۆ ئەمشەو و سبەی یەکشەممە (14ـی کانوونی یەکەمی 2025) بڵاو کردەوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی بەشی پێشبینی لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەرێم بۆ ئەمشەو لە ژێر کاریگەریی لاوازی نزمەپەستانی دەریای ناوەڕاستدا دەمێنێتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، پێشبینی دەکرێت ئەمشەو نمەبارانی پچڕپچڕ و هەندێک کات بارانی مامناوەند لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی هەرێم (پارێزگای سلێمانی، هەڵەبجە، بەشێکی پارێزگای هەولێر، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و ڕاپەڕین) بەردەوام بێت.
هاوکات پێشبینی دروستبوونی تەم دەکرێت لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمشەو تا کاتەکانی بەیانی.
پێشبینییەکان کەشوهەوا بۆ سبەی یەکشەممە
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: سبەی لە کاتەکانی بەیانیدا نمەبارانێکی کەم لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە دەبارێت، پاشان کاریگەریی شەپۆلی بارانبارینەکە کۆتایی دێت و کەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە.
کۆتاییهاتنی شەپۆلی بارانبارین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما
بەشی پێشبینی ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممەوە کاریگەریی ئەم شەپۆلە لاوازە کۆتایی دێت، ئاسمانی هەرێم دەبێتە پەڵەهەور و نیمچەهەور. هەروەها پلەکانی گەرما بەراورد بە ڕۆژانی پێشوو (2 بۆ 3) پلە بەرز دەبنەوە.
