ڕۆیتەرز: هێرشە تیرۆریستییەکەی سووریا لەلایەن ئەندامێکی هێزەکانی ئەو وڵاتە کراوە
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز وردەکاریی نوێی لەبارەی هێرشەکەی ئەمڕۆی سووریا ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، ئەو کەسەی هێرشی کردووەتەوە سەر کاروانە هاوبەشەکەی ئەمەریکا و سووریا ، ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی سووریا بووە و پێشتر هۆشداری لەبارەی هزری توندڕەویی ئەو چەکدار دراوە؛ هاوکات بەرپرسێکی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە، دوای هێرشەکە، فڕۆکەی جەنگیان ناردووەتەوە ناوچەکە.
سێ بەرپرسی خۆجێیی بە ڕۆیتەرزیان ڕاگەیاندووە، هێرشبەرەکە ئەندامی هێزەکانی سووریا بووە. ئەم زانیارییە لەلایەن حکوومەتی سووریاشەوە پشتڕاست کراوەتەوە بەڵام وردەکاریی هەستیاری تێدایە.
نوورەددین ئەلبابا، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی سووریا بە کەناڵی فەرمی ئیخبارییەی ڕاگەیاندووە، هێرشبەرەکە هیچ پلەیەکی سەرکردایەتی لە هێزە ئەمنییەکاندا نەبووە، بەڵام لەژێر چاودێریدا بووە.
گوتەبێژەکە دەڵێت: لە 10ـی کانوونی یەکەم واتە سێ ڕۆژ پێش هێرشەکە، هەڵسەنگاندنێک دەرچووە کە ئاماژەی بەوە داوە ئەو چەکدارە ڕەنگە هەڵگری بیرۆکەی توندڕەوی بێت، بڕیار بوو سبەی یەکشەممە بڕیاری کۆتایی لەبارەی دۆسیەکەیەوە دەربچێت.
ئەلبابا ڕایگەیاند، سووریا پێشتر هۆشداریدابوو لەبارەی ئەگەری ئەنجامدانی هێرشی داعش لەو ناوچەیە، بەڵام هێزەکانی هاوپەیمانان هۆشدارییەکانی سووریایان بە هەند وەرنەگرت.
گوتیشی: سووریا لێکۆڵینەوە دەکات بۆ ئەوەی یەکلایی بکاتەوە ئایا هێرشبەرەکە پەیوەندیی بە داعشەوە هەبووە یان تەنیا هەڵگری بیروباوەڕی ئەو گرووپە بووە.
هەروەها ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکاوە بڵاوی کردەوە، وەک یەکەم کاردانەوەی سەربازی دوای هێرشەکەی ئەمڕۆی سووریا، سوپای ئەمەریکا دوو فڕۆکەی جەنگیی جۆری F-16 ڕەوانەی ناوچەکە کردووە، بۆ ئەوەی چاودێری ئاسمانی شاری تەدموری سووریادا بکەن
ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم هێرشە تەنیا مانگێک دوای ئەوە دێت کە سووریا ڕێککەوتنی هاوکاریی سیاسی لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا ڕاگەیاند، ڕێککەوتنێک کە هاوکات بوو لەگەڵ سەردانی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بۆ کۆشکی سپی.
هەر ئەمڕۆ شەممە، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، لە ئەنجامی بۆسەیەک لە سووریا لە لایەن داعشەوە سێ هاووڵاتی ئەمەریکی کوژران و سێ سەربازی دیکەش بریندار بوون.
مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات( هەسەدە) لە ڕێگەی هەژماری فەرمیی خۆیەوە لە پلاتفۆرمی ئێکس، نیگەرانی و دڵگرانیی قووڵی خۆی بۆ برینداربوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی گشتی و سەربازانی ئەمەریکی دەربڕی کە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکە ئەمنییەکانیاندا لە بیابانی سووریا کراونەتە ئامانج.
عەبدی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە، زیادبوونی ئەم جۆرە هێرشانە نیشانەیەکی مەترسیدارە و پێویستی بە ئیرادەیەکی بەهێزتر هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان، پرسی سەرنجڕاکێشی پەیامەکەی فەرماندەی هەسەدە بریتی بوو لە داواکاری بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکان لەسەر ئاستی نیشتمانی وەک تاکە ڕێگە بۆ لەناوبردنی شانە تیرۆریستییەکان، لە کۆتاییشدا هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواستووە.
