وەزیری دەرەوەی سووریا هێرشەکەی تەدمور بە تیرۆریستی ناو دەبات

ئەسعەد شەیبانی
ئەسعەد شەیبانی

لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە خێراکانی پەیوەندیی نێوان دیمەشق و واشنتن، حکوومەتی سووریا لە هەنگاوێکی دیپلۆماسیی دەگمەندا بە فەرمی سەرەخۆشی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کرد بەهۆی کوژرانی سێ هاووڵاتیی ئەمەریکی لەو هێرشەی کرایە سەر کاروانە هاوبەشەکەی سووریا و ئەمەریکا، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش هێرشەکەی بە کردەوەیەکی تیرۆریستی وەسف کرد.
ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا لە ڕێگەی پلاتفۆرمی ئێکسەوە هەڵوێستی فەرمیی وڵاتەکەی ڕاگەیاند و بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە چەکدارییەی کرد کە لە نزیک شاری تەدمور کرایە سەر هێزێکی هاوبەشی دژە تیرۆری نێوان سووریا و ئەمەریکا.

وەزیرەکەی سووریا لە پەیامەکەیدا، پرسە و سەرەخۆشیی خۆی و حکوومەتی سووریای ئاراستەی خێزانی قوربانییەکان و حکوومەت و گەلی ئەمەریکا کردووە و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواستووە. 

بەکارهێنانی دەستەواژەی دژە تیرۆری هاوبەش لەلایەن باڵاترین دیپلۆماتکاری سووریاوە، دانپێدانانێکی فەرمییە بە سروشتی نوێی پەیوەندییە سەربازییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

ئەم پەیامە دوای ئەوە دێت کە لە بۆسەیەکی چەکداریدا لە بیابانی سووریا، سێ هاووڵاتیی ئەمەریکی (دوو سەرباز و وەرگێڕێک) کوژران، واشنتن ڕێکخراوی داعشی بە ئەنجامدانی تۆمەتبار کردووە.
ئاڵوگۆڕی پەیامی سەرەخۆشی لە نێوان دیمەشق و واشنتن بە وەرچەرخانێکی مێژوویی دادەنرێت لە پەیوەندییەکانی نێوانیان، کە بۆ زیاتر لە دەیەیەک لە دۆخی دژایەتیدا بوون، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە هەردوو لا ڕووبەڕووبوونەوەی داعش وەک خاڵی هاوبەشی ستراتیژی بەکار دەهێنن بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان و بەڕەسمیناسینی هاوپەیمانییە نوێیەکەیان.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل