لە سوودان هێرشێکی درۆنی شەش ئاشتیپارێزی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکوژێت

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان

لە پەرەسەندنێکی مەترسیداری دۆخی ئەمنیی سوودان، بنکەیەکی لۆجستیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری کادوقلی کرایە ئامانجی هێرشێکی ئاسمانی، بەهۆیەوە ژمارەیەک سەربازی هێزە نێودەوڵەتییەکان گیانیان لەدەست دا و سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش وێڕای سەرکۆنەکردنی توندی ڕووداوەکە، هۆشداریدا لە مەترسیی بەردەوامیی پێکدادانەکان.

وردەکاریی هێرشەکە و کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەیاننامەیەکدا ئاشکرای کرد،ڕۆژی شەممە هێرشێکی مەترسیدار لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کراوەتە سەر بنکەیەکی لۆجستیی سەر بە تیمە ئاشتیپارێزەکان لە شاری کادوقلی.

 بەگوێرەی زانیارییەکان، ئاکامی هێرشەکە بووەتە هۆی کوژرانی شەش سەربازی بەنگلادیشی کە وەک بەشێک لە هێزی ئاشتیپارێز لەو وڵاتە خزمەتیان دەکرد.

گۆتێرێز لە کاردانەوەیدا بەرانبەر بەم پێشێلکارییە، بە توندترین شێوە هێرشەکەی سەرکۆنە کردووە و ئەم ڕووداوەی کردووەتە دەرفەتێک بۆ ئەوەی جارێکی دیکە داوا لە لایەنە ناکۆکەکانی سوودان بکات دەستبەجێ کۆتایی بە کارە سەربازییەکان و شەڕ بهێنن، بەو پێیەی بەردەوامیی توندوتیژییەکان مەترسیی ڕاستەوخۆ لەسەر تیمە نێودەوڵەتییەکان دروست دەکات.

شاری کادوقلی، کە ناوەندی ویلایەتی کوردۆفانی باشوورە، ماوەیەکە کەوتووەتە ژێر گەمارۆی هێزەکانی پشتیوانیی خێرا و بووەتە یەکێک لە خاڵە گەرمەکانی ململانێی نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا.

بوونی هێزەکانی ئاشتیپارێز لە ناوچەکە بە مەبەستی پاراستنی خەڵکی مەدەنی و چاودێریکردنی دۆخەکەیە، بەڵام بەهۆی چڕبوونەوەی شەڕ و بەکارهێنانی چەکی پێشکەوتووی وەک فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن لایەنە ناکۆکەکانەوە، سەلامەتیی کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان کەوتووەتە مەترسییەوە، کوژرانی ئەم شەش سەربازە بەنگلادیشییە یەکێکە لە خوێناویترین ڕووداوەکان بۆ سەر هێزە نێودەوڵەتییەکان لە دەستپێکی شەڕی ناوخۆی سوودانەوە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل